هەرکام لە ڕۆژنامەکانی هەمشەهری و کەیهان لە دوو بابەتی جیاوازدا لە زاری بەرپرسانی باڵای ڕێژیمەوە هەڕەشەی هێرشی مووشەکییان لە ئورووپا کرد و ڕایانگەیاند کە ئەگەری زۆرە بنکەکانی ئەمریکا لەنێو خاکی ئورووپادا بکەینە ئامانج.
ڕۆژنامەی هەمشەهری لە ژمارەی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری خۆیدا، بە بڵاوکردنەوەی نەخشەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی و دەسنیشانکردنی هەندێک بنکەی ئەمریکایی، نووسیویەتی؛ بانکی ئامانجەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی «بێ سنووردارکردنی جوغرافیایی» نوێ دەکرێتەوە.
ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی کە "لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە ستراتێژییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەگەری فراوانبوونی مەودای پێکدادانەکان بۆ سەر بنکە ئاسمانی و دەریاییەکان، ناوەندەکانی پشتیوانی و ژێرخانی لوجستیکیی هێزە ئەمریکاییەکان لە ئورووپا بوونی هەیە.
ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژەی بە ئەگەری زیادبوونی مەودای مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیم کرد و نووسیویەتی کە بنکەکانی ئەمریکا لە ئورووپا دەتوانن لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی نوێدا، لە ڕیزبەندی ئامانجە ئەگەرییەکاندا جێگیر ببن.
ڕۆژنامەی کەیهان کە لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمدا بڵاو دەبێتەوە، نووسیویەتی کە بەرژەوەندییەکان و دامەزراوەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئورووپا، لەوانەش لە بریتانیا، ئیتالیا، یوونان، ڕۆمانی و قوبرس، لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی دووبارەدا دەتوانن ببنە ئامانجی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی.
کەیهان ئاماژەی بە فەرمانی موجتەبا خامنهیی کرد بۆ وڵامدانەوەی سەربازی «بێ سنووردارکردنی جوغرافایی» و نووسیویەتی کە مەودای ئامانجە ئەگەرییەکان ئیتر سنووردار نییە بە بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەتوانێت تا «دڵی ئورووپا» پەرە بسێنێت.
شایانی باسە پێشتر هەرکام لە وڵاتانی ئورووپایی هوشداریی جیددیان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دابوو کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بۆ سەر خاکی یەکیەتیی ئورووپا، ئەوا بە توندی وڵام دەدەنەوە.