ژنانی زیندانی هۆڵی ٤ی زیندانی قەرچەک بەنیسبەت دابەشکردنی خواردنی ناتەندروست، ژەهراویبوونی ژمارەیەک لە زیندانییان، کوالێتیی نەگونجاو و کەمیی ژەمە خواردنەکان، لە وەرگرتنی خواردنی زیندان خۆیان بوارد و بەو شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
کانونوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە ژنانی زیندانیی هۆڵی ٤ی زیندانی قەرچەک لە ناڕەزایەتیی بە دۆخی نەگونجاوی خواردن، دابەشکردنی خواردنی خراپبوو و کەمتەرخەمیی بەرپرسان بەرانبەر بە دۆخی زیندانییە ژەهراویبووەکان، لە وەرگرتنی ژەمە خواردنەکانی ئەو زیندانە خۆیان بوارد.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم ناڕەزایەتییە، هۆکاری سەرەکییەکەی ژەهراویبوونی ژمارەیەک لە ژنانی زیندانی بووە دوای خواردنی ئەو خواردنە خراپبووەی کە لە ڕۆژی پێشوودا دابەش کرابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو خواردنەی کە لە هۆڵی ٤ی زیندانی قەرچەک لە ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەر دابەش کرابوو، خراپ و ناتەندروست بووە و بووەتە هۆی ژەهراویبوونی ژمارەیەک لە ژنانی زیندانی.
بەندرکراونی ژن باسیان لەوە کردووە کە سەڕەڕای ژەهراویبوونی هاوبەندییەکانیان، هیچ بەدواداچوونێک و چارەسەرییەکی پزیشکییان بۆ نەکراوە.
ئەم ناڕەزایەتییە نیشانەی نیگەرانیی جیددیی زندانییانە سەبارەت بە تەندروستیی خۆراک و کەمتەرخەمیی بەرپرسان بەرانبەر بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دۆخی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە زیندانی قەرچەکدا قەیراناوییە.
بە وتەی زیندانییان، پشکی دەرمانیی هەر ژنێکی زیندانی لە ماوەی یەک مانگدا تەنها یەک حەبی ئازارشکێنە و ئەوان لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانە پێویستەکان و چاوەدێریی پزیشکی بێبەشن.
شایانی باسە نەبوونی بەدواداچوون بۆ زیندانییە ژەهراویبووەکان، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە لێکەوتە جەستەیییەکانی ئەم دۆخە زیاد کردووە.