کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی یاسایی یەمەن دەستی بە سەر چەندین ناوچەی دیکەی ژێردەسەڵاتی حوسییەکان لە تەعزدا گرت

08:29 - 12 خەزەڵوەر 2726

هێزەکانی ئەرتەشی یاسایی یەمەن ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەزەڵوەر لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی «فەجری یەمەن»دا بە پشتگیریی هێزەکانی بەرگریی جەماوەری، چەند سەنگەرێکی نوێی حوسییەکانیان لە باشووری پارێزگای تەعز کۆنتڕۆڵ کرد و زیانێکی زۆری گیانی و ماددیان بەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گەیاند.

بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی سەربازیی تەعز، هێزەکانی ئەرتەشی یاسایی یەمەن دوای پێکدادانێکی توند، ناوچەکانی نوبە، سەیبە و تەپۆڵکەی موبارەک لە بەرەی ئەلئەقرووز لە شاری ئەلموسراخیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

 لەم پێکدادانەدا، دەیان هێزی چەکداری حوسی کوژراو و بریندار بوون.

هاوکات، پێکدادانەکان لە پارێزگاکانی الجەوف، لەحج، مارەب و ئەلبەیزا بەردەوامە.

ئۆپەراسیۆنی «فەجری یەمەن» کە لە ٥ی ئۆکتۆبرەوە بە فەرمانی ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، بە ئامانجی گەڕانەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حوسییەکان، لەوانە سەنعا، دەستی پێکرد، چووە نێو مانگی دووەمی خۆیەوە.