ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆڕناڵ" ڕاپۆرتی دا کە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی و شکستی هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، هاوپەیمانانی واشنگتۆن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئامادە دەکەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دۆنالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەنیازە دوای هەڵبژاردنە ناوەندییەکان، هێرشی بەرفراوان بکاتە سەر ژێرخانەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەرچی هێشتا بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە نەدراوە.
لە هەمان کاتدا، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای دەستپێکردنی دەستبەجێی هێرشەکانی کردووە دوای هەڵبژاردنەکان و ئەرتەشی ئەو وڵاتەش نەخشە سەربازییەکانی خۆی ئامادە کردووە.
زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەتییەکان لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی بەڕێوەچوونی مانۆڕی ئەمنی لە قەتەر و ئیمارات و ئانلاینکردنی چالاکیی قوتابخانەکان لە ڕیاز.
ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا، کۆگا کردنی چەک و تەقەمەنی، بەهێزکردنی سیستمەکانی بەرگری و جێگیرکردنی سیستمێکی دیکەی پاتریۆت لە ئیسرائیل کردووە.