لە درێژەی شەپۆلی نوێی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دژی هاووڵاتییان لە کوردستان، چەند هاووڵاتییەکی دیکە لە بۆکان و مەهاباد دەسبەسەر کراون و چارەنووسی هاووڵاتییەکی مەریوانی دوای چەند مانگ دەسبەسەرکرانی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ماڵی بنەماڵەیی و شوێنی کاری پوویا تاهیر و ڕۆژان ئەحیایی، دوو هاوژینی مەهابادیان پشکنیوە.
ئەو هێزانەی ڕێژیم لە ڕەوتی هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەو دوو هاوژینەدا، قسەی ناشیرین و سووکایەتییان بە دایک و باوکی بەتەمەنیان کردووە.
هاوکات، بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەرکان ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان کە زیاتر لە دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە تێپەڕ دەبێت، بۆ جاری دووەم بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کرایەوە.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتدا ڕاگیراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ، هێشتا دۆخی دۆسییەکەی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەیانیی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، مامۆستا مەلا حەسەن مەحموودی، پێشنوێژی مزگەوتی ئاوایی «کانی توورمار»ی بۆکان، فەتاح حاجیزادە، خەڵکی ئاوایی «گامێشگۆلی» و دانیشتووی بۆکان و «نەوید مستەفازادە»، خەڵکی ئاوایی «داشبەند» لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.