کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواکەوتنی ۸ ساڵەی نوێژەنکردنەوەی قوتابخانەیەک لە نەغەدە بووەتە هۆی وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن

09:16 - 12 خەزەڵوەر 2726

کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم لە شاری نەغەدە بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی داهاتووی دەیان قوتابی و بێبەشبوونی کچانی گەڕەکی «حاجی خدر» لە مافی بنەڕەتیی خوێندن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ساڵی ۱۳۹۸ی هەتاوی لەسەر بەڵێنی «حوسێن‌زادە» نۆینەری ئەوکاتی نەغەدە لە مەجلیسی ڕێژیم، پڕۆژەی نوێژەنکردنەوەی بەشێک لە قوتابخانەکانی شاری نەغەدە، لەوانە «قوتابخانەی ۱۲ پۆلی تالقانی» لە گەڕەکی حاجی خدر دەستی پێکرد.

لە کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا بە خەڵکی ناوچەکە بەڵێن درابوو کە لە ماوەی ۲ تا ۳ ساڵدا نوێژەنکردنەوەکە کۆتایی پێدێت، بەڵام پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ۸ تا ۹ ساڵ، پڕۆژەکە بە نیوەچڵی جێهێڵدراوە و دەرگای قوتابخانەکە داخراوە.

سەرەڕای ئەوەی کە سالی ۱۳۹۴ بە ئامادەبوونی فەرمانداری ڕێژیم لە نەغەدە و بەرپرسانی پەروەردە بەڵێنی تەواوکردنی خێرای ئەم قوتابخانەیە درابوو، بەڵام بەپێی وتەی پەیمانکاری پڕۆژەکە، تەواوبوونی کارەکان تەنیا بەندە بە قیرتاوکردنی حەوشەی قوتابخانەکە لەلایەن ئیدارەی پەروەردەوە کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە.

بەنیوەچڵی مانەوەی ئەو قوتابخانەیە لەسایەی ناکارامەیی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، لەکاتێکدایە زۆربەی پڕۆژەکانی هاوشێوە لە گەڕەکەکانی دیکەی شار تەواو و ئامادەی خوێندن کراون.

کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دواکەوتنی نزیکەی ٨ ساڵەی پڕۆژەی نوێژەنکردنەوەی "قوتابخانەی تالقانی"، بووەتە هۆی ئەوەی کە قوتابییەکانی بۆ ماوەی چەند ساڵە ڕووبەڕووی سەرگەردانی ببنەوە و ناچار بن لە قوتابخانەکانی دیکەدا درێژە بە خوێندن بدەن.

بەهۆی دەستکورتی و هەژاریی زۆری خەڵکی ناوچەکە و نەبوونی توانای دارایی بۆ دابینکردنی تێچووی سێرویس و گواستنەوە بۆ قوتابخانەکانی دیکەی شار، ژمارەیەکی زۆر لە کچانی ئەم گەڕەکە ناچار بوونە دەست لە خوێندن بکێشنەوە و لە مافی پەروەردە بێبەش ببن.