لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە ژنان و کچانی ئاواییەکانی ئێرانشاری بەلووچستان، لە ناڕەزایەتیی بە بەردەوامبوونی کێشەکانی بێئاوی، پچڕان یان نەبوونی کارەبا و بێکاری، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوایان کرد بەرپرسانی ڕێژیم بەدەم دۆخی ژیان و ژێرخانی ئەم ئاواییانەوە بچن.
بەپێی ڕاپۆرتی "حاڵ وەش"، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچانی ئەو ئاواییانە بەکۆمەڵ، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بەرانبەر بە کێشە ڕۆژانەکانی دانیشتووان دەربڕی.
بە وتەی دانیشتووانی ئەو ئاواییانە، کەمیی ئاو و کارەبا و نەبوونی هەلی کار، ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی خستووەتە ناو کێشەی جیددییەوە و کەمکاریی بەرپرسان بەرانبەر بەم داواکارییانە، ئەوانی ناچار بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کردووە.
کۆبوونەوەی ژنان و کچانی ئەم ئاواییانە لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، دەستپێڕاگەیشتن بە کارەبا و ڕەخساندنی هەلی کار لە سەرەتاییترین داواکارییەکانی دانیشتووانی ناوچە کەمدرامەتەکان هەژمار دەکرێن.