لەنێوان ژمارەیەک لە لاوانی خاوەن هەڵوێستی شاری موورمووری سەر بە ئاودانانی ئیلام و هێزەکانی سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پێکدادانێکی چەکداری هاتە ئاراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، دوابەدوای دەسبەسەرکرانی حەیدەر مەلایی هاووڵاتیی خەڵكی موورمووری، ناڕەزایەتییەکان لەو ناوچەیە توندتر بوون و لاوانی بوێری ئەو شارە دژی هێزەکانی ڕێژیم هاتنە دەست و پێکدادانی چەکداریی توند ڕووی دا.
شایانی باسە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، حەیدەر مەلایی هاووڵاتیی خەڵکی موورمووری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەتا ئێستا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە دوایین دۆخی پێکدادانەکان و ئەگەری زیانی گیانی بڵاو نەکراوەتەوە.