لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی ناڕازیی ئیلامی دژ بە خراپیی دۆخی ڕێگاوبانەکان، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست و گیانلەدەستدانی ١٣ کرێکاری ئوتوبووسەکەی دەشت عەباس ــ موورمووری، ڕێژەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی دەڕەشار بۆ ۸ کەس بەرز بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ۲۹ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاووڵاتییانی دەڕەشار، لانیکەم هەشت لاو بە ناوەکانی محەممەد میرزایی، محەممەدئەمین ئەمرایی، محەممەد ئەولاد، ئارین ئیمانی، ئەمیر گەراوەند، عەلی والی، حەمیدڕەزا میرزایی و عرفان ئیسماعیلی دەسبەسەر کران.
دەسبەسەرکرانی ئەم هەشت هاووڵاتییە لاوە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی ئەنجام دراوە و دوای دەسبەسەرکرانیان، سەرجەمیانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیم خۆیان لە خستنەڕووی هەر جۆرە ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هەشت هاووڵاتییە بواردووە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و دۆخی منداڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوای وەرگەڕانی ئوتوبووسی هەڵگری کرێکارانی پێترۆپالایش لە ڕێگای دەشت عەباس بۆ موورمووریی ئیلام و گیانلەدەستدانی ١٣ کرێکار، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شارە جیاوازەکانی ئیلام دەستی پێکرد و تەنیا لە ئاودانان زیاتر لە ١٤ هاووڵاتی دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستاش ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن.