لە درێژەی درەوشانەی لاوانی کوردستان لە ئاستی جیهانیدا، سێ داهێنەری خەڵکی سەقز توانییان مداڵی زێڕی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی داهێنان و نوێکاریی نیجێرییەی ٢٠٢٦ بەدەست بهێنن.
محەممەد ڕەشیدی، سپیدە ئازادی و نێدا وەلیخانی بە پێشکەشکردنی پرۆژەی «دروستکردنی ئامێری وردکردنی ئالیک بە میکانیزمی پشتێنەی گواستنەوەی گۆشەدار» توانییان مداڵی زێڕی ئەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە بەدەست بهێنن.
ئەم تیمە پێشتریش لە فێستیڤاڵی بووعەلی سینا، کێبڕکێی توێژەرانی زانستە پزیشکییەکان و فێستیڤاڵی داهێنانەکانی ئەلبۆرز، دەستکەوت و شانازیی دیکەیان بەدەست هێنابوو.
ئەم سەرکەوتنە، شانازییەکی ترە بۆ کۆمەڵگەی زانستی و بلیمەتەکانی کوردستان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
لاوانی کوردستان سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و بەربەستە حکوومەتییەکان و نەبوونی پشتیوانیی دەوڵەتی و پەراوێزخرانی سیستماتیک، ڕۆژانە لە ئاستی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیدا سەرکەوتنی مەزن تۆمار دەکەن و ئیرادەی شێلگیرانەیان بۆ خزمەت بە نیشتمانەکەیان تەرخان دەکەن.