کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە و ناچارکردنی زیندانییانی سیاسیی پێشوو لە مەهاباد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی زۆرەملێی حکوومەتی

09:44 - 12 خەزەڵوەر 2726

زیاتر لە ٦٠ زیندانیی سیاسیی پێشوو لە مەهاباد ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەزەڵوەر، بە بانگکردن لەلایەن ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعاتی سپاوە، هەڕەشەیان لێ کراوە و بە دەسبەسەرداگرتنی ناسنامەی کەسی و موبایلەکانیان، ناچار بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی زۆرەملێی حکوومەتیی «جان‌فیدا» کراون؛ هەنگاوێک کە نیشاندەری بەردەوامیی گوشارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەپاندنی بەرنامە حکوومییەکان بەسەر خەڵکدا.

بەپێی ڕاپۆرتی «ئێران‌وایەر»، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە مەهاباد دوای بانگکردنی ئەم کەسانە، ناسنامە و مۆبایلەکانیان لێ زەوت کردوون و بە هەڕەشە، ئەوانیان ناچار بە ئامادەبوون لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە.

هەروەها کارمەندانی ئیدارەکانی کشتوکاڵ، بانکەکان، قوتابییان و شۆفێرانی تاکسیش بە زۆرملێ و هەڕەشە ناچار بە بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیەدا کراون.

هاوکات ڕاپۆرتگەلێک لەبارەی ئامادەبوونی منداڵان و چەکدارکردنی هەندێکیان بڵاو کراونەتەوە.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا دەکرێن کە لەم حەفتەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی پێشووی مەهابادیش بانگ و ناچار بە واژۆکردنی بەڵێننامە کراون بۆ ئەوەی خۆیان لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەدوور بگرن.