کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ڕێژیم: ئێران لە ئەگەری روودانی شەڕێکی دیکە، گۆڕینی دکتۆرینی ئەتۆمی تاوتوێ دەکات

09:53 - 12 خەزەڵوەر 2726

لە ئاکامی بەردەوامیی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی گۆڕینی «دکتۆرینی ئەتۆمی» دەکەن.

هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەزەڵوەر بڵاوی کردەوە کە تاران لە حالەتی تاوتوێکردنی گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمی خۆیدایە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی دیکەدا.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە وتووێژێکدا هەوڵی دا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بە ئاشتیخوازانە نیشان بدات، لە کاتێکدا ناوەندە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تاران ئامانجە سەربازییەکانی لە پشت ئەم بانگەشانەوە دەشارێتەوە.

ئەم باسانە لە کاتێکدا زیاتر پەرەیان سەندووە کە موحسێن ڕەزایی، سکرتێری شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، بە ڕاشکاوی باسی لە گۆڕینی ئەگەریی دکتۆرینی پێشووی ئەتۆمیی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ کردووە.

لە بەرانبەردا، دۆنالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە واشنگتۆن بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی نادات و بژاردە سەربازییەکان بۆ پەکخستنی ژێرخانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ئامادەن.