کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٥

13:12 - 3 سەرماوەز 2726

هەواڵدەریی «هێرانا»، ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٥دا بڵاو کردەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سەدان حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری ئێراندا تۆمار کراون، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی قەیرانە جیدییەکانی مافی مرۆڤ لەم ئێراندا.

بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی مانگی خەزەڵوەردا، سزای لەسێدارەدانی ٧٥ بەندکراو جێبەجێ کراوە کە یەکێکیان ژن بووە، هەروەها سزای لەسێدارەدان بۆ ٣١ کەسی تر دەرچووە و ٧ سزاش لە دادگای باڵای ڕێژیمدا پەسەند کراون.

لە بەشی دۆخی زیندانیانیشدا، ٨١ حاڵەتی پێشێلکاری تۆمار کراون؛ لەوانە ٤٧ حاڵەتی بێسەروشوێنبوون و ناڕوونیی چارەنووسی دەسبەسەرکراوان، ٨٧ حاڵەتی یەکلانەکردنەوەی دۆسییە، ٢٥ حاڵەتی بێبەشکردن لە پارێزەر، ١٦ حاڵەتی پێنەدانی خزمەتگوزاریی پزیشکی، ٩ حاڵەتی لێدان و سووکایەتی پێکردن، ٢ حاڵەتی ئەشکەنجەی جەستەیی و ٣ مانگرتن لە خواردن.

هەروەها لەم مانگەدا، ١٨١ کەس دەسبەسەر کراون و سزای ٦ هەزار و ٢٥١ مانگ بەندکران و ١ میلیارد و ٦٨٠ میلیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی بەسەر هاووڵاتییاندا سەپێندراوە.

هاوکات ٤٩ هاووڵاتی گەشتکردنیان لێ قەدەغە کراوە و ٤ حاڵەتی دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان تۆمار کراون.

لە کەرتی کاردا، بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتییەوە ٥٠ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٧١ کرێکاریش بریندار بوون.

هاوکات ١٨٩٩ کرێکار لە کارەکانیان دەرکراون و ٩٠ کۆبوونەوە و ٧ مانگرتنی کرێکاری ئەنجام دراون.

 لە بواری مافی منداڵانیشدا، ٢ حاڵەتی کوشتنی منداڵان، گیانلەدەستدانی ٢ منداڵ و برینداربوونی ٢٠ منداڵی تر بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانەوە، لەگەڵ ژەهراویبوونی ٣٠ قوتابی تۆمار کراون.

لە پێوەندیی بە توندوتیژی دژی ژنانیشەوە، ٦ ژن بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە کوژراون و ١ حاڵەتی ئەسیدپژاندن و ٥ حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی تۆمار کراون.

هەروەها لە سنوورەکان و ناوچە جیاوازەکاندا، ٨ هاووڵاتی کوژراون و ٣ی تریش بریندار بوون، هەروەها ٤ کۆڵبەر و سووتەمەنیبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و ٤ی تریش بریندار بوون.