١٧٥ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی لە بەندی چواری زیندانی شەیبانی ئەهواز لە دۆخێکی زۆر سەخت و کارەساتباردا ڕاگیراون. بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، بەندکراوانی ئەم بەندە لە چوونەدەرەوە بۆ هەواگۆڕین و تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر بێبەش کراون. بەشێکیان بەهۆی کەمیی تەختەوە لەسەر زەوی دەخەون و بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی تەندروستیش ناچارن لە گیرفانی خۆیان پارە خەرج بکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون ڕایگەیاند کە بەندی چوار پێشتر شوێنی ڕاگرتنی زیندانییە بیانییەکان بووە، کە زۆربەیان هاووڵاتیی عێراق و ئەفغانستانی بوون. ئێستا لە ژوورە نزیکەی ٣٦ مەترییەکانی ئەم بەشەدا، ٤٠ زیندانی بە ٢٣ تەختەوە ڕاگیراون. بەهۆی پڕبوونی ژوورەکانەوە، بەرپرسانی بەندیخانە دوو شوێنی نوێژکردنیان کردووە بە شوێنی خەوتن و لە هەر یەکێکیاندا ٢٦ کەس دەخەون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەندی چوار بە تەواوی سەرداپۆشراوە. یەکێک لە بەندکراوانی عەقیدەتیی بەم ڕێکخراوەی وتووە کە لە ماوەی هەموو دەسبەسەرکردنە کاتییەکەیدا، ئاواتی ئەوە بووە تەنانەت بۆ دوو خولەکیش ئاسمان ببینێت.
ڕێکخراوی کاروون هەروەها هەواڵی بڵاوبوونەوەی مێرووی «ساس» و کەمیی پێداویستییە تەندروستییەکانی ڕاگەیاندووە.
هەروەها بۆ هەموو زیندانییانی ئەم بەشە تەنها دوو گەرماو و دوو توالێت هەیە. زیندانییان دەستیان بە ئامێری پاڵاوتنی ئاو، ساردکەرەوە یان ئاوساردکەرەوە ناگات.
هاوکات بەندکراوانی ئەو بەندە، لە مافی پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون ئەم دۆخەی بە نموونەی «ئەشکەنجەی سپی» و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و سووکایەتیپێکەر ناو بردووە. ئەم ڕێکخراوە داوای لە ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ کردووە کە هەنگاو بنێن بۆ ڕێگەدان بە پشکنەرە سەربەخۆکان تا سەردانی زیندانی شەیبانی بکەن، دۆخی ڕاگرتن و چارەسەری پزیشکی بەپەلە باشتر بکرێت و زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی، بەتایبەت مێرمنداڵان، بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.