لە درێژەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان و توندبوونەوەی گوتاری واشنگتۆن بەرانبەر بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریسم لە جیهاندا، دۆنالد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی خێرای بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"، بە ئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکی تێرۆریسم لە جیهانە، ڕایگەیاند کە تاران بۆ ماوەی دەیان ساڵە بەرپرسە لە کوشتنی سەربازان و هاووڵاتیانی ئەمریکایی و کاتی ئەوە هاتووە کە بیانوەستێنین.
سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ئاماژەدان بە کوژرانی قاسم سلێمانی، جەختی کردەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی کات و لەنێوبردنی سەرکردەکانیان، ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات ڕێژیمێکی شەرخواز دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
هەروەها ترامپ بە وەبیرهێنانەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ساڵی ٢٠٢٥ ناسراو بە "چەکوشی نیوەشەو" کە توانی ژێرخانی ئەتۆمیی تاران پەک بخات، ڕایگەیاند که ئەگەر پێویست بکات دەتوانن دووبارە و بە خێرایی لە ماوەی کاتژمێرێکدا وڵامی یەکلاکەرەوە بدەنەوە و بنکە ئەتۆمییەکان لەوانە بنکە ئەتۆمیی "کێوی پیکاکس" وێران بکەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتدارانی تاران لە ئێستادا لە دۆخێکی زۆر لاوازدا دانوستان دەکەن و لە پێگەیەکی بەهێزدا نین.