لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتکردنی سیستەماتیک و پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦دا دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی هاووڵاتییانیان لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێراندا توندتر کردووەتەوە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لەم ماوەیەدا لانیکەم ۱۲٤ هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە زۆرترین حاڵەتەکانی گرتن لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ (هەرکامیان ۲۷ حاڵەت)، سیستان و بەلووچستان (۱۷ حاڵەت) و خووزستان (۱۳ حاڵەت) تۆمار کراون.
لەم شەپۆلە نوێیەی دەستبەسەرکردنەکاندا، پارێزگاکانی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەت کراونەتە ئامانج؛ بە جۆرێک کە ٦٤ کەس لە دەسبەسەرکراوان هاووڵاتیی کوردن و ئەمەش زیاتر لە ٥١.٥٪ی کۆی گشتیی ئامارەکان لەسەر ئاستی ئێران پێک دەهێنێت.
هەروەها ۱۶ هاووڵاتیی بەلووچ، ۱۳ فارس، ۱۰ عەرەب، ۷ تورک، ٦ لۆڕ و ۲ هاووڵاتیی گیلەک و مازەنی لەنێو دەسبەسەرکراواندا هەن. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، دەسبەسەرکردنی ۲ هاووڵاتیی بیانی (خەڵکی وڵاتی لیتوانی) تۆمار کراوە کە شوێنی ڕاگرتنیان نادیارە.
سەرکوتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا ۱۶ چالاکی ژن (١٣٪ی کۆی گشتی) و ۹ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ (٧٪یکۆی گشتی، کە ٦ کەسیان منداڵی کوردن) دەسبەسەر کراون.
لە ئاستی ئایینی و فەرهەنگیشدا، ۱۱ چالاکی مەزهەبی (۲ بەهایی و ۹ سوننەمەزهەب)، ۲ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ، ۳ خوێندکار، ۲ شاعیر و نووسەر و ۲ گۆرانیبێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.
دەسبەسەری سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە سەرانسەری کوردستان و ئێران نیشان دەدات دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بۆ داپۆشینی قەیرانەکانیان، گوشارەکانیان لەسەر بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەردەوام کردووە.