کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕوبیۆ: ئێران ناوەندی سەرەکیی تێکدانی ئەمنییەت و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە

09:00 - 10 خەزەڵوەر 2726

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی گرووپی ۲۰دا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی نەک هەر بە ڕوونی دەریخستووە کە هەوڵ بۆ بوون بە هێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەدات، کە هەرگیز ڕێگەی پێ نادرێت، بەڵکوو ناوەندی سەرەکیی سەرجەم ناسەقامگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

ڕوبیۆ بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا وتی: "لە لوبنان ناسەقامگیری هەیە چونکە ئێران پشتیوانی لە حیزبوڵڵا دەکات؛ عەرەبستان دەکرێتە ئامانج چونکە ئێران پشتیوانی لە حووسییەکان دەکات؛ هەروەها عێراقیش ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە چونکە میلیشیاکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران ئاستەنگ بۆ حوکمڕانیی ئەو وڵاتە دروست دەکەن. بە هەر لایەکدا بڕوانن، یەکێک لە هێزە نیابەتییەکانی ئێران دەبینن کە ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێک دەدات."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە پەلامارە دەریاییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانی کرد و وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی تەقاندنەوەی کەشتییەکانە؛ لەوانە ئەو کەشتییانەی مەلەوانانی هیندییان تێدایە یان هەڵگری باری وزەن بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانەی نوێنەرەکانیان لە دەوری ئەم مێزە دانیشتوون."

ناوبراو جەختیشی لەسەر سەرکوتی نێوخۆییی هاووڵاتییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کردەوە و وتی: "ئەمە ڕێژیمێکە کە خەڵکی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە؛ تەنیا دەتوانن وێنەی ئەوە بکەن کە ئەگەر دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژ بگات، چی بە سەر ئەوانی تردا دەهێنێت. تا ئەو کاتەی ترامپ لە کۆشکی سپی بێت، هەرگیز ڕێگە بە ڕوودانی شتێکی لەم جۆرە نادەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە چارەنووسی بەربەرەکانییەکان و ئاسۆی دانوستانەکان لەگەڵ تاران، ڕوبیۆ ڕوونی کردەوە کە دانوستانگەلێک لە ئارادان و ترامپ پێی خۆشە بابەتەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەئاکام بگات، بەڵام هاوکات جەختی کردەوە کە "هەندێک بابەت هەن کە ئەگەری چارەسەرکردنی ئاشتییانە"یان نییە.