کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نوێی ئیسرائیل بۆ حیزبوڵڵا و دەوڵەتی لوبنان

13:28 - 12 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی بەرفراوان، ئیسرائیل لە ڕێگەی نێوبژیوانە ئەمریکاییەکانەوە پەیامێکی هۆشداریدانی ئاراستەی دەوڵەتی لوبنان کردووە و داوای لێکردوون ڕێگری لە هەرجۆرە دەستوەردانێک یان بەشداریکردنێکی چەکدارانی حیزبوڵڵا، وەک باڵی نیابەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەگەڵ تاراندا.

کاناڵی تەلەڤیزیۆنی "کان"ی ئیسرائیلی لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەتییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە تێلئاڤیڤ داوای لە دەوڵەتی لوبنان کردووە هێزەکانی ئەرتەشی وڵاتەکەی لەو ناوچانەدا جێگیر بکات کە حیزبوڵڵا چالاکیی تێدا دەکات و بنکەی پشکنین دابنێت، تا ڕێگە لە جوولەی ئەم گرووپە بگرێت.

ئیسرائیل بە ڕاشکاوی هۆشداریی داوە کە ئەگەر حیزبوڵڵا بێتە ناو هاوکێشەی شەڕیی ئەگەری لەگەڵ ئێراندا، ئاگر و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سەرلەنوێ خاکی لوبنان دەگرێتەوە.

ئەم پەیامە لە کاتێکدا لە ڕێگەی واشنگتۆنەوە ڕادەست کراوە کە پێشتر هەردوو لایەن بە چاوەدێریی ئەمریکا دانوستانی ڕاستەوخۆیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چەککردنی حیزبوڵڵا و کشانەوەی پلەبەپلەی ئەرتەشی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ئەنجام دابوو.

لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، حیزبوڵڵا بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێژیمی ئێران، لوبنانی ڕاپێچی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران کرد. مووشەکهاوێژییەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل بەرەوڕووی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان بووەوە و هێزە زەوینییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل چوونە نێو باشووری لوبنان.