کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ١٤٥ەمین حەفتەی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"

13:56 - 12 خەزەڵوەر 2726

لە کاردانەوە بە توندبوونەوەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان و لەسێدارەدانی دوو لاوی بەشداربووی ناڕەزایەتییەکان لە ئیسفەهان، بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی لە چوارچێوەی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" و لە ١٤٥ەمین حەفتەی بەردەوامیی ئەم خەباتەدا، لە ٦٦ بەندیخانەی جیاوازی کوردستان و ئێراندا دەستیان داوەتە مانگرتنی سەراسەری لە خواردن.

ئەم مانگرتنە بەرفراوانە ڕێک هاوکات بوو لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی "ئەمیرحسێن مەلەکی" و "ئەمیرحسێن ئیبراهیمی"، دوو لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئیسفەهان.

بە جێبەجێکردنی سزای ئەم دوو لاوە، ژمارەی قوربانیانی دۆسیەی دروستکراوی "مەیدانی عەلیخانیی ئیسفەهان" گەیشتە ٩ کەس؛ ئەوەش لە کاتێکدا دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم تۆمەتی "موحاربه"ی بەسەردا سەپاندبوون.

بەشداربووانی ئەو کەمپەینە لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەیاندا، سزای لەسێدارەدانیان بە ڕەفتارێکی "چاخی ناوەڕاست" وەسف کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە دروستکردنی کەشی ترس و پەتی سێدارە، هەرگیز ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازی پەک بخات.

ئەم کەمپەینە پشتیوانیی بەرفراوانی نێودەوڵەتیشی لێ کەوتووەتەوە؛ لەوانە ڕیپۆرتێرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پارێزەرانی مافی مرۆڤ، کۆمیتەی مافی مرۆڤی پارێزەرانی ئورووپا و وەزارەتی دەرەوەی کانادا کە شەپۆلی لەسێدارەدانەکانی ڕێژیمیان بە توندی مەحکووم کردووە.

لە بەیاننامەی ئەو کەمپەینەدا هاتووە کە بەپێی ئامارەکان تەنیا لە ٦ ڕۆژی یەکەمی مانگی خەزەڵووەردا لانیکەم ٢٥ بەندکراو لەسێدارە دراون.

ئەم مانگرتنە مەزنە زۆربەی بەندیخانە گەورەکانی کوردستان و ئێڕانی گرتووەتەوە، لەوانە بەندیخانەکانی: "قزڵحەسار، ئێڤین، دیزڵئاوای کرماشان، ئیلام، دەڕەشار، ورمێ، سەلماس، خۆی، نەغەدە، میاندواو، مەهاباد، بۆکان، سەقز، بانه، مەریوان، سنە و کامیاران."