ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە کرێکارانی پاککەرەوەی تاران لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێنەبوونی بەڵێنەکانی گۆڕینی دۆخی کارکردنیان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی ئۆتۆمبێلسازیی "بێنرۆ" لە ساوه لە ناڕەزایەتی بە پێدانی مووچە و مافە دواخراوەکانیان بۆ چەندین مانگ و خوێندکارانی زانکۆی تاران بە داوای ئازادکردنی خوێندکاران و زیندانییانی سیاسیی دەسبەسەرکراو و ڕاگرتنی سزا ئینزباتییەکان، مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، کۆمەڵێک لە کرێکارانی پاککەرەوەی تاران لەبەردەم شارەوانیی تاراندا ناڕەزایەتییان دەربڕی..
ناڕازییان دامەزراندنی ڕاستەوخۆ لە شارەوانی و دیاریکردنی دۆخی پیشەیی خۆیان بە یەکێک لە داواکارییەکانیان زانی و ڕەخنەیان لە جێبەجێنەبوونی بەڵێنە دووبارەکانی بەرپرسان گرت.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی ئۆتۆمبێلسازیی بێنرۆ لە ساوه دەستیان داوەتە مانگرتن.
کرێکاران وتوویانە کە بۆ چەندین مانگە مووچە و مافەکانیان پێنەدراوە و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، بژێویی ژیانی بنەماڵەکانیانی خستووەتە بارودۆخێکی دژوارەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەمیی پارچە یەدەگ و کێشەکانی بەرهەمهێنان بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە کارەکانی ئەم شیرکەتەش تووشی پەککەوتن ببن.
بەپێی ڕاپۆرتی "خوێندکارانی یەکگرتوو"، خوێندکارانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران لە هەمان ڕۆژدا، لە بەشی سەرۆکایەتیی ئەم زانکۆیەدا مانیان گرت.
داواکاریی خوێندکاران بریتیین لە؛ ئازادکردنی زندانییانی سیاسی و خوێندکارە دەسبەسەرکراوەکان، ڕاگرتنی سزاکانی کۆمیتەی ئینزباتی و بەرپرسیاریەتیی زانکۆ سەبارەت بە گیانی خوێندکاران و ئەو گوشارانەی کە خراونەتە سەریان.
خوێندکاران لەم مانگرتنەدا بە بەرزکردنەوەی پلاکارد دروشمگەلی وەکوو: «خوێندکاری زیندانی دەبێت ئازاد بکرێت»، «زندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت»، «کۆمیتەی ئینزباتی دەبێت هەڵوەشێنەوە» و «بەرپرسیارێتی گیانی شاهین شکووهی لە ئەستۆی بەرپرسانی زانکۆیە»یان بەرز کردەوە.