لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتکاریی دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەوڵە بەردەوامەکانی تاران بۆ بێدەنگکردنی سەنگەری ئازادیخوازی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵادا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "حاڵ وەش" ئاشکرای کرد کە لە ۱۰ی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە، دەیان خوێندکاری زانکۆی سیستان و بەلووچستان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کراون و ژمارەیەکی بەرچاویشیان دوای لێپرسینەوەکان، بە سزای هەڵپەساردنی دوو تێرم لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ وەش، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی دروستکردنی تۆمەتی باو و بێبنەمای وەک "سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندان"، "تێکدانی ئەمنییەتی زانکۆ" و "بەکرێگیراوی"، گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر خوێندکاران تا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەربگرن.
هاوكات لە هەوڵێکی سیخوڕیانەدا، گوشار خستراوەتە سەر بانگکراوان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامە و چالاکیی هاوپۆلەکانیان و زانیاری لەسەر چالاکی و پەیوەندییەکانیان ڕادەستی دامەزراوە ئەمنییەتییەکان بکەن.
سەرچاوەکانی حاڵ وش جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کۆمیتەی ئینزیباتی زانکۆی سیستان و بەلووچستان بە تەواوەتی بووەتە ئامرازی دەستی دەزگا سیخوڕییەکان و سەرجەم زانیاری و بەڵگەنامە تایبەتییەکانی خوێندکارانی خستووەتە خزمەت ئیدارەی ئیتلاعاتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مانگی بەفرانبار، نیگەرانییەکان سەبارەت بە توندتربوونی ئەم ڕەشبگیرییە و دەرکردنی سزای نوێی وەک دەرکردن لە زانکۆ زیادی کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خوێندکاران تەواوی تۆمەتە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم بە دەستکرد و بێبنەما دەزانن.