کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی یەمەن: ۲۱ شارەزای سپای پاسداران و حیزبوڵڵا سەرپەرستیی ئۆپەراسیۆنەکانی حووسییەکان دەکەن

08:53 - 13 خەزەڵوەر 2726

ئیبراهیم حەیدان، وەزیری نێوخۆی یەمەن ئاشکرای کرد کە ۲۱ شارەزای سپای تێرۆریستی پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان (۱٤ پاسدار و ۷ ئەندامی حیزبوڵڵا) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرستیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، پەرەپێدانی چەک و هێرشە دەریاییەکانی حووسییەکان دەکەن.

حەیدان جەختی کردەوە کە جۆری ئەرکی ئەم کەسانە دەری دەخات دەستێوەردانی تاران لە دابینکردنی دارایی و چەک تێپەڕیوە بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆ لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی شەڕدا.

ئەم شارەزایانە لە پارێزگاکانی حودەیدە، سەنعا، سەعدە، حەجە، عمران و ئەلخوخە جێگیر بوون و لە بواری مووشەکی بالیستیک، دڕۆن، شەڕی ئەلیکترۆنی، قاچاغی چەک و دەستنیشانکردنی کەشتییە بازرگانییەکاندا چالاکن.

وەزیری نێوخۆی یەمەن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کۆمەڵەیە بارەگایەکی فەرماندەیی تەواوە لە ژێر چاوەدێریی ئەندامێکی سپای پاسداران کە وەک باڵیۆز کار دەکات.

حەیدان لەڕێگەی هۆشداریدان لەسەر هەڕەشەکانی سەر ئەمنییەتی دەریاوانی لە بابولمەندەب و دەریای سووردا، بەپێی بڕیارنامەکانی ۲۲۱٦ و ۲٦۲٤ی شوڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای جێبەجێکردنی گەمارۆی چەکداریی سەر حووسییەکانی کرد.

ناوبراو هەروەها وتی: "بڕیار لە تاران دەنووسرێت و لە سەنعا ڕادەگەیەنرێت؛ حووسییەکان تەنیا میکڕۆفۆنێکیان لە دەستدایە و خەڵکی یەمەن باجەکەی دەدەن."

حەیدان جەختی کردەوە کە ئامادەیی ڕێژیم، یەمەنی کردووەتە مەیدانی تاقیکردنەوەی تێکنۆلۆژیی مووشەک و دڕۆنەکان.