لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی پیرانشاری بە ناوەکانی موراد حاسڵ ئەبووبەکری و سادق ئەبووبەکری وەرزشڤان و ڕاهێنەری تۆپی پێی و ئارام وەفایی، هاوولاتیی بۆکانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، مورادحاسڵ ئەبوبەکری و خەڵکی پیرانشار، لە ئاکامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراوە.
هەروەها سادق ئەبووبەکری، هاووڵاتیی دیکەی پیرانشاری و ڕاهێنەری یانەی تۆپی پێ و فووتساڵ، لە ئاکامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکان ڕێژیم دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، ئارام وەفایی، لاوی خەڵکی ئاوایی «عەباس ئاباد»ی بۆکان، بەبێ هۆکار و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانەی لە ماڵی باوکی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
شایانی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی دیکەی لە بۆکان و پیرانشار بە ناوەکانی مامۆستا حەسەن مەحموودی، فەتاح حاجی زادە و نەوید مستەفازادە دەسبەسەر کراون و بەو پێیە ڕێژەی دەسبەسەرکرانی ئەو دوو شارە، گەیشتە ٦ کەس.