ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاماری گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە دەستپێکردنەوەی ئەم گەمارۆیەوە تا ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەر، ١٤٤ کەشتیی بازرگانی بە فەرمانی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا ناچار بە گۆڕینی ڕێڕەوی دەریایی خۆیان بوون.
سێنتکام لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس، وێنەیەکی هەلیکۆپتەرێکی جۆری "سیهاک"ی هێزی دەریایی ئەمریکای بڵاو کردەوە کە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یووئێسئێس جۆرج واشنگتۆن" دەنیشێتەوە و جەختی کردەوە کە ئەم کەشتییە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی گەمارۆی توند و تۆکمەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەکات و هێزەکانیان بە وردی چاوەدێریی پێبەندبوونی تەواوی کەشتییەکان دەکەن.
سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا و ڕێگری لە هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی ئێران، دوای پێشێلکردنی ئاگربەستی کاتی لەلایەن ڕێژیم و دەستپێکردنەوەی پەلامارەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، لە ٢٣ی پوشپەڕی ئەمساڵدا بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لایەکی ترەوە، سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا کە سەرپەرستیی کارزاری گوشارە ئابوورییەکان ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" بەرانبەر تاران دەکات، جەختی لە سەرکەوتنی ئەم گەمارۆیە کردەوە و ڕایگەیاند: "جیهان دەتوانێت بە بێ نەوتی ئێران بەردەوام بێت، بەڵام بەردەوامیی ژیان و مانەوەی کۆماری ئیسلامی بە بێ هەناردەکردنی نەوت ئاستەم و مەحاڵە."