کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو؛ پەرەسەندنی سەرکوتی سیستماتیکی ژنان لە ئێران

09:03 - 13 خەزەڵوەر 2726

بڵاوبوونەوەی ئامارە نوێیەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" بۆ مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، ڕەهەندەکانی سەرکوتی ڕێکخراوی ژنان لەلایەن دەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئاشکرا دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ١٦ چالاکی ژن (لەوانە ٨ هاووڵاتیی کورد و ٢ بەهایی) لە شارە جیاوازەکانی وەک سەقز، سنە، نەغەدە، بۆکان و کرماشان لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هاوکات دادگاکانی ڕێژیم سزای سەختیان بەسەر ٩ چالاکدا سەپاندووە؛ لەوانە وریشە مرادی، چالاکی سیاسیی کورد، جارێکی دیکە حوکمی نادادپەروەرانەی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرایەوە و ٨ چالاکی دیکەش لە کۆی گشتیدا سزای ٤٠ ساڵ و ٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا دابەش کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، توندوتیژیی بونیادی بە هۆی یاسا جیاکارییەکانەوە دۆخێکی خوێناویی خولقاندووە؛ لەم مانگەدا ٢٣ حاڵەتی ژنکوژی لەلایەن خزم و کەسانی نزیکەوە بە بیانووی "کێشەی خێزانی" و "نامووسی" تۆمار کراون.

هەروەها حوکمی لەسێدارەدانی ژنێک بە ناوی ئەشرەف فەرەجی لە زیندانی ساری جێبەجێ کراوە، کە بەڵگەیەکی دیکەی بەکارهێنانی سزای مەرگە وەک ئامرازی تۆقاندنی کۆمەڵگە.