کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری ئیسرائیل سەبارەت بە کەڵکۆەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە چەکی شیمیایی

09:06 - 13 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک‌تایمز" ڕاپۆرتی داوە کە ئیسرائیل زانیاریی خستووەتە بەردەست ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو، کە نیشان دەدات کۆماری ئیسلامی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی شیمیایی دژی ئەم وڵاتانە تاووتوێ دەکات؛ هەڕەشەیەکی نوێ کە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی سیاسەتە سەربازی و گرژییخوڵقێنەرەکانی تاران پەرە پێ داوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئیسرائیلی بە هاوتا ئەمریکاییەکانیان وتووە کە کۆماری ئیسلامی خەریکی پەرەپێدانی ئەو تێکنۆلۆژیایانەیە کە دەرفەتی گواستنەوە و بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە ڕێگەی مووشەکەوە یان بە شێوەی نهێنی دابین دەکات. ئەوان ئەم هەڕەشەیەیان لە مەترسیی برنامەی ئەتۆمیی ئێران بەپەلەتر هەڵسەنگاندووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکایی ئەگەریان داوە کە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە بەشێک بێت لە هەوڵی بێنیامین نێتانیاهو بۆ راکێشانی دۆنالد ترامپ بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی.

لە هەمای کاتدا، هەندێک لە بەرپرسان هۆشدارییەکانی ئیسرائیلیان بە جیددی وەرگرتووە و جووڵە و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە مەترسیدار وەسف کردووە.