کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی باکۆ ١٤ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لەوانە چەند ئەندامێکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە ڕاگەیاندنییەکانیان لە لیستەی "کەسی نەخوازراو" داناوە و چوونەژوورەوەیان بۆ خاکی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی قەدەغە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاپا"، ئەم بڕیارە لە وڵامی بەردەوامیی هەڵوێست و لێدوانە دژبەرییەکانی تاراندا دراوە، کە بەرپرسانی ئازەربایجان بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و هەڕەشە بۆ سەر سەروەری، ئەمنییەتی نەتەوەیی و یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەیانی دەزانن.
ئاپا ئاشکرای کردووە کە تۆمەتی ئاڕاستەکراو بۆ ئەم کەسانە بریتین لە: "بەکارھێنانی گوتاری دوژمنکارانە دژی دەوڵەت و ڕێبەرانی کۆماری ئازەربایجان، هێرشکردنە سەر سیستمی حوکمڕانی و جیابوونەوەی ئاین لە دەوڵەت، گەشەدان بە توندڕەویی ئایینی و هاندانی خەڵک بۆ ڕووخاندنی هێزە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە."
لە پێرستی کەسانی قەدەغەکراودا، ناوی چەندین نۆینەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران دەبینرێت، لەوانە: "کامران غەزەنفەری، ئەبوولفەزل زوهرەوەند، عەباس موقتەدایی، عەلیڕەزا سەلیمی و عەلیڕەزا بەیگی (ئەندامی پێشووی پەرلەمان)."
هاوکات ناوی چەندین ڕوخساری دیاری سەرکوت و پڕوپاگەندەی ڕێژیم خراوەتە لیستەکەوە، لەوانە: "حوسێن شەریعەتمەداری (بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیھان)، موحسێن ئەراکی (ئەندامی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری)، محەممەدجەواد فازڵ لەنکەرانی (سەرۆکی ناوەندی فەقهیی ئەئیمەی ئەتھار) و عەبدولحوسێن خوسرۆپەنا (بەرپرسی شوڕای باڵای ئینقلابی کلتووری).
کەسایەتییەکانی دیکەی ناو پێرستەکە بریتین لە: "ئیحسان مووەحیدیان (مامۆستای زانکۆ)، ئەحمەد فەرشبافیان (سەرۆکی پێشووی ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەفقاز لە زانکۆی تەورێز)، غولامڕەزا کۆواشی (بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی نوسینگەی پێشنوێژی هەینیی تەورێز)، داریوش سەفەرنژاد (شیکەرەوەی سیاسی) و ئەحمەدرەزا موسەوی (ئەکتەر و پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنیی ڕێژیم).