کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراتەکان زۆرینەی سێنا و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایان بەدەستهێنا

09:19 - 13 خەزەڵوەر 2726

حیزبی دێموکراتی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە ناوەندەییەکانی ٢٠٢٦دا سەرکەوتوو بوون و توانیان زۆرینەی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرە، کە بریتیین لە سێنا و ئەنجومەنی نوێنەران، لە کۆماریخوازەکان وەربگرنەوە؛ ئەنجامێک کە کۆنتڕۆڵی یاسادانان و چاوەدێریی دەوڵەتەکەی دۆناڵد ترامپ دەخاتە دەست نەیارەکانیەوە.

بەپێی ئەو ئەنجامانەی هەتا ئێستا ڕاگەیەندراون، دێموکراتەکان تا ئێستا ٥٤ کورسیی سێنایان بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا کۆمارییەکان ٤٢ کورسییان بەدەست هێناوە.

لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا دیموکراتەکان بە دەستهێنانی ٢١٨ کورسی، هێڵی سووری پێویست بۆ پێکهێنانی زۆرینەیان تێپەڕاندووە؛ لە بەرانبەردا، کۆماریخوازەکان تا ئێستا ١٣٤ کورسییان بەدەست هێناوە.

هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس ڕاگەیاندووە کە سەرکەوتنی دێموکراتەکان لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا، لێدانێکی سیاسیی گرنگە بۆ دۆناڵد ترامپ لە نیوەی دووهەمی ماوەی سەرۆکایەتییەکیدا.

بە گۆڕانی پێکهاتەی کۆنگرە، دێموکراتەکان دەرفەتی زیاتریان دەبێت بۆ پێشگرتن بە پەسندکردنی گەڵاڵەکانی دەوڵەتەکەی ترامپ، لێکۆڵینەوە لە کارکردی دەوڵەت و جێبەجێکردنی چاوەدێریی بەسەر سیاسەتەکانی کۆشکی سپیدا.