نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کارکردەکانی خۆی لە بواری دژەسیخوڕی و ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە هەواڵگرییە دەرەکییەکان ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢١ مانگی ڕابردوودا، ١٨ کەس لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی پێشووتردا، بەڕێژەی ٣٨٪ زیادی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارەی کە لە هەژماری فەرمیی "پەرچەکرداری خێرای FBI" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاو کراوەتەوە، ئەم دامەزراوەیە لە یەکەمی ژانویەی ٢٠٢٥ەوە تا ٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٦، لە کۆیدا ١٦٧ کەسی لە دۆسیەکانی دژەسیخوڕیکردندا دەسبەسەر کردووە؛ ئەمەش بەراورد بە ماوەی ٢١ مانگی پێشووتر (لە یەکەمی ئاپریلی ٢٠٢٣ تا ٣١ی دێسامبری ٢٠٢٤)، گەشەیەکی ٥٣٪ نیشان دەدات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین ژمارەی دەسبەسەرکراوان پەیوەندیدار بووە بە دۆسیەکانی چین بە ٧٥ کەسەوە کە بەرانبەر بە قۆناغی پێشووتر ٧٤٪ زیادی کردووە.
لە هەمان ماوەدا، ٤٠ کەس لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە ڕووسیەوە دەسبەسەر کراون کە نیشانەی گەشەی ٣٣٪یە.
هەروەها ٣٤ دەسبەسەرکردنیش لە بەشی دۆسیە جیهانییەکاندا تۆمار کراوە کە ٤٨٪ لە ماوەی پێشووتر زیاتر بووە.
FBI هەروەها ڕایگەیاندووە کە لەم ماوەیەدا ٤٩٩ هەنگاو بۆ پەکخستن و ڕاگرتنی چالاکییە دژەزانیاری و سیخوڕییەکان گیراوەتە بەر؛ ئامرازەکانی وەک دەسبەسەرداگرتن، دەرکردن لە وڵات و ڕێکارە بەرپەرچدەرەوەکانی دیکە دەگرێتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١١٨ کەسی پەیوەندیدار بە دۆسیەکانی دژەسیخوڕی لە ئەمریکا دەرکراون یان وڵاتیان جێهێشتووە، کە بەراورد بە سەردەمی پێشووتر ١٣٦٪ زیادی کردووە.