وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە دەوڵەتی ترامپ لەسەر بە ئامانجگرتنی شادەمارە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی و پەکخستنی تۆڕەکانی دەورلێدانی گەمارۆکان بەردەوام دەبێت.
ئەم هەڵوێستە لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەیی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"دا هات کە ئاشکرای کردبوو ڕێژیم بۆ دەورلێدانی گەمارۆ دەریاییەکان، تۆڕێکی نهێنی لە زیاتر لە ٥ هەزار دامەزراوەی سەربازی و ئابووری دروست کردووە.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنگتۆن ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ڕێڕەوە مالییانە دەست پێ کردووە کە تاران بۆ قاچاخی نەوت و دابینکردنی بودجەی تیرۆر کەڵکیان لێ وەردەگرێت.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا زیادی کرد: "ئێمە لەسەر بەئامانجگرتنی هەر جۆرە سەرچاوەیەکی داهاتی نایاسایی ڕێژیم و نەخشەکانی بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان بەردەوام دەبین."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا ڕێگە نادات ڕێژیمی ئێران ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز تێک بدات یان ئابووریی جیهانی بەبارمتە بگرێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکەی ڕۆیتێرز، ئەم تۆڕە نهێنییە کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ ساڵی ۱۳۹۵ دەگەڕێتەوە و ڕاستەوخۆ بە بەدەستەی دەسەڵات و سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەستراوەتەوە، لە بەفرانباری ١٤٠٣وە تا ئێستا لانیکەم بڕی دوو میلیار دۆلار ئامێری سەربازی و تەقەمەنی هاوردە کردووە.
لە دوای هەڵگیرسانی پێکدادانە سەربازییەکان لە ڕەشەمەی ١٤٠٤ و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەپاندووە و سزاکانی لەسەر "کەشتیگەلی سێبەر"ی ئێران توندتر کردووەتەوە تا سەرچاوە ئابوورییەکانی ڕێژیم بەتەواوی وشک بکات.