کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی گەرمی خەڵکی مەهاباد لە یاریزانانی یانەی بێعسەتی کرماشان

09:55 - 13 خەزەڵوەر 2726

هاوکات لەگەڵ سەردانی یاریزانانی یانەی تۆپی پێی بێعسەتی کرماشان بۆ شاری مەهاباد بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو یانەی «هوور ئێسپۆری مەهاباد» و «بێعسەتی کرماشان»، خەڵکی شاری مەهاباد بە دروشـمی کوردانەوە، پێشوازییان لە یاریزانانی کرماشانی کرد.

دوێنی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، خەڵکی شاری مەهاباد بە دروشمی "کرماشان مەهابادە، کوردستان یەک وڵاتە" و "کرماشان خوەش هاتی"، وەک پاڵپشتی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی پێشوازییان لەو یانە وەرزشییە کوردستانییە کرد.

 بەپێی بەرنامەڕیزییە ئەنجامدراوەکان، ئەم یارییە ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ لە یاریگای ئازادیی مەهاباد بەڕێوە دەچێت.

ئەم هەڵوێستەی خەڵکی شاری مەهاباد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە و لەلایەن زۆربەی خەڵکی کوردستانەوە پێشوازیی لەو هەستە کوردانە و هاوپێوەندییە نەتەوەییە کرا.