کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خیانەتی فەرمانداری مەهاباد بە کرێکارانی وەرزیی سێوچنینەوە؛ کەمکردنەوەی نرخی کرێی ڕۆژانە و نائومێدکردنی زیاتری کرێکاران

12:22 - 13 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ئەمیر عەشایری، فرمانداری مەهاباد، لە بڕیارێکدا بەڵێنەکانی پێشووی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە کرێکارانی وەرزی نەبردووەتە سەر و سەدان کرێکاری وەرزی و ژنانی ماڵداری بێهیوا کردەوە کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ڕوویان لە کاری سێوچنین کردبوو.

ناوبراو پێشتر بەڵێنی دابوو کە نرخی کرێی ڕۆژانەی کرێکارانی سێوچن ۲ میلیۆن و ۵۰۰ هەزار تمەن بێت، بەڵام لە ڕۆژی دیاریکردنی فەرمیی نرخدا، ئەم بڕە پارەیەی بۆ بڕی ۷۰۰ هەزار تمەن کەم کردەوە و نرخی ڕۆژانەی بە ۱ میلیۆن و ۸۰۰ هەزار تمەن پەسەند کرد.

ئەم بڕیارەی عەشایەری ناڕەزایەتییەکی توندی کرێکارانی وەرزی بەتایبەت ژنانی لێ کەوتووەتەوە.

 کرێکارانی وەرزی و ژنانی هەژار کە بەهۆی گرانی و هەژارییەوە بۆ یارمەتیدانی هاوسەرەکانیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ڕوویان لەو کارە پڕزەحمەتە کردبوو، بە توندی ڕەخنەیان لەم هەڵوێستەی فرماندار گرت و بە درۆزن ناوی دەبەن.

 ئەو بڕیارە ستەمکارانەی فەرمانداری مەهاباد، باری گوزەرانی کرێکاران و ژنانی قورستر دەکات و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان لە کاتێکدایە کە هەڵاوسان و گرانی تەنگی پێهەڵچنیوە و لە هەمووکات زیاتر پێویستیان بە پشتیوانیی دارایی هەیە.