کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی کوردستان بۆ بەشداریی زۆرەملێیانە لە ڕێوڕەسمی ١٣ی ئابان

12:28 - 13 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان بۆ ڕێوڕەسمی حکوومەتیی ١٣ی ئابان، پەنایان بردە بەر هەڕەشە و گوشارخستنە سەر کارمەندان، فەرمانبەران، زیندانییانی سیاسیی پێشوو و کاسبکاران هەتا لە ڕێوڕەسمی حکوومەتیی ١٣ی ئاباندا بەشدارییان پێبکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانە، لە شاری بۆکان، ئیدارەی ئیتلاعات سەرجەم کارمەندانی و بە مەبەستی مەشق و ڕاهێنان بەزۆر کۆ کردووەتەوە تاکوو ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی ١٣ی ئاباندا بۆ ڕێپێوان لە نزیک گۆڕستانی بۆکان وەک لایەنگری دەسەڵات نیشانیان بدەن.

هاوکات لە شاری مەهاباد، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دوێنێ ١٢ی خەزەڵوەر، زیندانییانی سیاسیی پێشوو بە پەیوەندیی تەلەفوونی بانگ کردووە و ناسنامەی و مۆبایلی لێ سەندوون و بە زۆرەملێ ڕاکێشی ناوچەی «تاقەدار»یان لە نزیک پادگانی سپای پاسداران کردوون.

لەو بانگکردنە زۆرەملێیەدا، وێنە و ڤیدیۆیان لێ هەڵگرتوون، تاکوو بە شێوازێکی دەسکرد نیشان بدەن کە ئەوان لە ڕێوڕەسمی ١٣ی ئاباندا بەشدار بوون. هاوکات نامە بۆ سەرجەم کارمەند و فەرمانبەرانی بانکەکان نێردرا هەڕەشەیان کردبوو کە لە هەر فەرمانبەرێک بەشداری نەكات، تووشی لێپرسینەوەی ئەمنی دەبێت.

گوشاری هاوشێوەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستانیش بیندراون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەر کارییەوە هەتا ئێستا لەنێو خەڵکی کوردستاندا هیچ ڕەواییەکی نەبووە و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە کوردستان هیچکات سەری بۆ زوڵم و ستەمکاریی ڕێژیمی تاران دانەنواندووە و هیچ ڕەواییەکی لەنێو شەقام و کۆمەڵگای کوردستاندا نەبووە و نییە.