کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی ڕێگای سەرەکیی خاش - زاهێدانی بۆ ماوەی ڕۆژێک خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە

09:05 - 10 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی چالاکیی قارەمانانەی بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی بەرانبەر بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سەرانسەری بەلووچستان، ئەو بەرەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان، ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەر، ڕێگای سەرەکیی نێوان خاش بۆ زاهێدانیان بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە "ڕۆڵە دلێرەکانی نیشتمانەکەمان ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەر، لەنێوان نیوەڕۆ تا تاریکبوونی هەوا، ڕێگای زۆر گرنگ و سەرەکیی خاش - زاهێدانیان لە ناوچەی ئێسکۆل ئاباد خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "لە ماوەی کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕێگایەدا، تێکۆشەران بە مەبەستی دۆزینەوەی بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم کە ڕۆڵیان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا هەیە، خاڵی پشکنینیان داناوە و بەدواداچوونیان بۆ بەڵگەنامە و ناسنامەی کەسییەکان کردووە".

لە کۆتاییدا ئەوە بەرەیە ڕایگەیاند کە "بە پێویستی دەزانین کە بە هەموو هاووڵاتییە خۆشەویستەکان ڕابگەیەنین کە لە کاتی بینینی شۆڕشگێڕەکانی بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکیدا لە ڕێگاوبان و ناوچە جیاجیاکانی بەلووچستانی سەربەرزدا، بە هیچ شێوازێک ترستان نەبێت، چونکە ئەمانە ڕۆڵە فیداکارەکانی ئێوەن کە بە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی ئێران، بە دانانی گیانی بەنرخیان لەسەر دەست، دژی ستەم و جەنایتی حاکمییەتیی ولایەتی فەقیە هەستاون و بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەمان خەبات دەکەن".

ڕێگای خاش - زاهێدان بەهۆی ئەوەی شارەکانی بەلووچستان بە زاهێدان ناوەندی سیاسیی ئەو پارێزگایە دەبەستێتەوە و هەروەها بەهۆی ڕۆڵی ترانزێتی ڕێگای زاهێدان - خاش - چابەهار، بایەخێکی زۆری هەیە و هەر بەو هۆیەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بنکەی سەربازیی زۆری لەم ڕێگایەدا دروست کردووە.

بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی سەرەڕای بوونی دەیان بنکەی سەربازیی بچووک و گەورە، بە ئامانجی دەسبەسەرکردنی بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم کە لە سەرکوتکردنی خەڵکی بەلووچدا ڕۆڵیان هەبووە، بۆ چەند کاتژمێرێک ئەم ڕێگایەیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.