کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتیی دیکە لە میاندواو، بۆکان و بانە

08:18 - 14 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، دوو هاووڵاتیی بانەیی، هاووڵاتییەکی بۆکانی و هاووڵاتییەکی میاندواوی دەسبەسەر کران و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، میلاد زەند، لاوی ١٩ ساڵەی خەڵکی ئاوایی «ئیبراهیم‌ ئاباد»ی میاندواو، ١٣ی خەزەڵوەر، بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاوه عوسمانی، هاووڵاتیی تەمەن ٥٦ ساڵی خەڵکی شاری بانه، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا.

هاوکات کەریم سەعیدی، هاووڵاتیی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی بۆکان، دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هەڵکوتانە سەر ماڵی عوسمان فەرەجی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی ئاوایی “خوێجامێر”ـی بانە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، بەشێوەیەکی دڕندانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەسبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.