یۆهان وادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە ڕەخنەیەکی تونددا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی خۆی ئامادە دەکات و ئاژاوەگێڕییەکانی تاران بەڵگەی پێویست دەدەنە وڵاتان بۆ پەرچەکرداری سەربازی و بەرگری لە خۆ.
وادەفوول جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانیکردنی گرووپە توندڕەوەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس و چەکدارە شیعەکانی عێراق، سەروەریی وڵاتانی ناوچەکەی بەزاندووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەفتارەکانی تاران دۆستانە نین و بەداخەوە کاردانەوەی سەربازییان بەرانبەر پێویست دەکات.
کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە تۆڕێکی بەرفراوانی لە گرووپە میلیشیاییەکان لە عێراق، لوبنان، یەمەن، فەلەستین و سووریە پڕچەک و دابینکردووە.
لە کاتێکدا تاران بانگەشەی ئاشتییانەبوونی بەرنامەکەی دەکات، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی پێشکەوتنی بەرچاوی ئەتۆمیی تاران لە دەرەوەی ئامانجە مەدەنییەکان دەسەلمێنن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ژووئەنی ٢٠٢٥ و فێبرییەی ٢٠٢٦دا ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمیان بە ئامانج گرت.
هاوکات ترامپ لە وتووێژێکدا لەگەڵ "فاینەنشاڵ تایمز" ئاماژەی بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەسەر ٤٥٠ کیلیۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ڕێژیم کرد و نیشانی دا لە مانەوەی ئەم پاشەکەوتە لە ژێر "کێوی پیکاکس"دا ڕازی نییە. ئەمەش گومانەکان لەسەر ئەگەری هێرشی نوێی سنووردار بۆ سەر ئەو دامەزراوانە بەهێزتر دەکات.