کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٤ مانگدا؛ گیانلەدەستدان و برینداربوونی ٩٩ کرێکاری خانوبەرە لە ئێراندا

08:27 - 14 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا"، لە سەرەتای پووشپەڕی ئەمساڵەوە تا ٩ی خەزەڵوەر، لە ئەنجامی ڕووداوەکانی کار لە کەرتی خانوبەرەدا لە ئێران، ٤٨ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٥١ کرێکاری دیکە بەسەختی بریندار بوون؛ مانگی ڕەزبەریش بە ٣٩ قوربانی لەسەرێی ئامارەکانەوە بووە.

لە نێوان قوربانییاندا ٦ کرێکاری تەمەن سەرووی ٥٥ ساڵ هەن کە ٤ کەسیان گیانیان لەدەست داوە؛ ئەمەش نیشاندەری کێشە سەختەکانی بژێویی ژیانە کە کرێکارانی لە سایەی نەبوونی کەرەستەی سەلامەتی و نەبوونی چاوەدێریدا ناچار بە کاری پڕمەترسی کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، داڕمانی بینا و کارەباگرتن، زۆرترین هۆکاری ڕووداوەکانی کار بوونە.

هاوکات بەرپرسانی سەندیکاکان ئاشکرایان کردووە کە ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە بیانوویی کورتهێنانی بودجە لە بیمەکردنی هەزاران کرێکار خۆ دەپارێزێت؛ تەنیا لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بیمەی ۲۰۰ تا ۳۰۰ هەزار کرێکار بڕدراوە.

خاوەنکارەکانیش لەبری بیمەی بنەڕەتی، تەنیا بیمەی بەرپرسیارێتی دەکڕن تا لە کاتی کارەساتدا تەنیا دیە بدەن و بنەماڵەی کرێکار لە مووچەی بەردەوام بێبەش بێت.

بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، لە بانەمەڕی ١٤٠٤ تا بانەمەڕی ١٤٠٥ لانیکەم ٥ هەزار و ١٩ کرێکار لە ئێراندا بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی کارییەوە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.