کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکەی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم

08:29 - 14 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی دەستڕێژیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هاووڵاتییانی بەلووچ، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، عەبدولڕەئووف حەملی، هاووڵاتیی بەلووچ، بەبێ هۆکار لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مافی مرۆڤی حاڵوەش، کەسانی نزیک لەو هاووڵاتییە ئەم تەقەکردنەیان بە هەوڵێکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە ناوبراو بەهۆی خزمایەتی لەگەڵ ئەبووزەر حەملی، کە یەکێکە لە ئەندامانی بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی زانیوە.

شایانی باسە دوو هاووڵاتیی دیکەی بەلووچ کە لەگەڵ عەبدووڵڕەئووفدا بوون، پاش ئەم ڕووداوە دەسبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە لەبەر دەستدا نییە.

عەبدولڕەئووف حەملی، تەمەنی نزیکەی ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵ، لە کاتی هاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی، کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و گیانی لە دەست دا.

یەکێک لە نزیکانی عەبدولڕەئووف حەملی ڕایگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییەکی ئاسایی بووە و لەگەڵ هیچ کەسێکدا دوژمنایەتیی کەسی نەبووە.

خزم و دەوروبەرییەکانی ئەم هاووڵاتییە، کوژرانی ناوبراویان بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی ئەمنیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەهۆی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ ئەبووزەر حەملی زانیوە.

ئەبووزەر حەملی، برازای عەبدولڕەئووف و یەکێک لە ئەندامانی بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی، لە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥ لە ڕەوتی پێکدادان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمدا گیانی لەدەست دابوو.

پێشتر لە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، عەبدولحەلیم حەملی، ٥٠ ساڵەی برای  عەبدولڕەئووف، لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ناار جەماڵزەیی، عەبدولماجید جەماڵزەیی و مەنسوور جەماڵی لە ئێرانشار کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و کوژرا.