وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر تۆڕێکدا ڕاگەیاند کە لە ڕێگەی ساختەکردنی ئاڵا و بەڵگەنامە دەریاییەکانەوە، یارمەتیی نەوتهەڵگرە سزادراوەکانی کۆماری ئیسلامیی دەدا بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان.
ئەم ڕێکارە هەروەها کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی فرۆکەخانەیی لە تورکیە کردووەتە ئامانج بەهۆی هاوکاری کردنی لەگەڵ شیرکەتە ئاسمانییە سزادراوەکانی ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەم وەزارەتخانەیە، سونیل کۆمار شارما و هاوسەرەکەی لە ڕێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیا و ناوەندی تۆمارکردنی کەشتییەوە، بەڵگەنامە و ئاڵای ساختەیان بۆ نەوتهەڵگرەەکانی هەڵگری نەوتی ئێران دابین دەکرد.
ئەم تۆڕە بە ساختەکردنی ناسنامەی ناوەندەکانی تۆمارکردنی کەشتی لە چەند وڵاتێکدا، بەستێنی بەردەوامیی چالاکیی کەشتییە سزادراوەکانی ڕەخساندبوو.
هەروەها کۆمپانیای "فوگۆ گراند سێرڤیسز" لە تورکیە بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فرۆکەخانەیی بە چەند شیرکەتێکی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی، لەوانە ئێرانئەیڕتوور، ساها و سپەهران، خستراوەتە ناو لیستی سزاکانەوە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنگتۆن پشتیوانانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێڕەوە زەوینی، دەریایی و ئاسمانییەکاندا دەکاتە ئامانجی سزاکان. ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری: و بە ئامانجی بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراون.