وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سێ کەسایەتی و کۆمپانیای بەهۆی هەبوونی دەور لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کڕینی سیستەمی دژەهەوایی سەرشان لە چینەوە، خستە نێو لیستی سزاکانەوە.
واشنگتۆن ئامانجی ئەم ڕێکارەی پەکخستنی تۆڕەکانی دابینکردنی چەک و ڕێگری لە نوژەنکردنەوەی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەم وەزارەتخانەیە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، محەممەدعلی تلیبۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئارمۆری ئەلاینس" لە بیلاڕووس، بەهۆی هاوکاریکردن لە دابینکردنی چەک بۆ کۆماری ئیسلامی سزادراوە.
ئەم کۆمپانیایە وەک نێوبژیوان لە نێوان لایەنە چینییەکان و کۆماری ئیسلامیدا، بۆ کڕینی سەدان سیستەمی بەرگریی هەوایی لەسەرشان هەوڵی داوە.
هەروەها کۆمپانیای "ڤانگارد تەکتیکاڵ سەپلای" لە نێجیریە و عەلیشێر دۆمولۆدژانۆڤ، نیشتەجێی ڕووسیە، بەهۆی بەشداری لە دابینکردنی ئەم چەکانە و کەڵکوەرگرتن لە ناسنامەی ساختە بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان سزا دراون.
ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لەسەر دەستنیشانکردن و بەستنی تۆڕەکانی دابینکردنی چەکی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت. ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی چەکداریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا ئەنجام دراوە.