ڕۆژنامەی "واینێت" لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرای کرد کە ئەرتەشی ئیسرائیل سەرجەم ئامادەکارییە بەرگری و هێرشبەرییەکانی بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی بەرەنگاربوونەوە و شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەواو کردووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر دیاریکردنی کاتی هێرشەکە و ئامانجە ستراتێژییەکانی لە واشنگتۆن و لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاوە دەدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی واینێت، ترامپ ئێستا لەسەر دووڕیانێکدا وەستاوە: "یان درێژەدان بە دانوستانەکان لە ڕێگەی قەتەرەوە بۆ سەپاندنی ڕێککەوتنێک بە مەرجی دڵخوازی واشنگتۆن، یان دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بە بەشداریی ئیسرائیل."
ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بە نیشانە مەیدانییەکانی نزیکبوونەوەی شەڕ کردووە؛ لەوانە دروستکردنی پردێکی ئاسمانی و گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بە ۱۰ فڕۆکەی نیزامی ئەمریکا بۆ پایگاکانی ئیسرائیل، هەروەها ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەشی دەیان جەنگاوەر و فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی ئیسرائیلی لە ئاسمانی سووریە و عێراق تا نزیک سنورەکانی ئێران.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی والستریت ژۆرناڵ ئاشکرای کردووە کە دەریاسالار برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام، هاوڕێ لەگەڵ پیت هێگسێت، وەزیری شەڕ و ژێنراڵ دەن کەین، سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکان بژاردە سەربازییەکانیان پێشکەشی ترامپ کردووە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەکانیان چڕتر کردووەتەوە؛ موجتەبا خامنەیی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان ڕایگەیاندووە کە هەر جۆرە هەڕەشەیەک وڵامی دەستبەجێ و بێ سنوورداریی جوغرافیایی دەبێت و ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەگەری گەڕانەوەی شەڕدا، ئێران کات و مەرجەکانی کۆتاییهاتنی شەڕ دیاری دەکات.
واینێت جەختی کردووەتەوە کە هێرشی ئاسمانی، تەنانەت ئەگەر ئامانجە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ڕێژیمیش بپێکێت، لەوانەیە نەبێتە هۆی ڕووخانی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی. هەروەها هۆشداری داوە کە تاران و حیزبوڵڵا هەوڵ دەدەن بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەکە لە ڕێگەی گەیاندنی زەبر لە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا فراوانتر بکەن و شەڕەکە درێژتر بکەنەوە.