کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆشكی سپی: یەكدابەدوو گەمارۆكان هەڵناوەشێنەوە

18:42 - 19 خاکەلێوه 2715

كۆشكی سپی ڕایگەیاندووە كە ئەندامانی گرووپی ١+٥ تا ئێستاش لەسەر وردەكارییەكانی چۆنیەتیی هەڵگیرانی گەمارۆكانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران،ڕێك نەكەوتوون. كۆشكی سپی ڕایگەیاند كە لە دانووستانەكانی داهاتوودا سەبارەت بە وردەكارییەكانی كات‌و چۆنیەتیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەمارۆیانەی لە سۆنگەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەدژی ئەو وڵاتە پەسند کراون قسە دەكرێ. كۆشكی سپی هەروەها جەختی كردۆتەوە كە دەوڵەتی ئۆباما نایهەوێ لە هەمان ڕۆژی جێبەجێ كرانی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمییەوە گەمارۆكان هەڵوەشێنەوە. جاش ئێرنێست، وتەبێژی كۆشكی سپی بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند كە ئێستاش هیچ ڕێككەوتنێك لەسەر وردەكارییەكانی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان نەكراوە. وتەبێژی كۆشكی سپی وێڕای ئاماژە بەم مەسەلە كە هیچكات باسی "هەڵگیرانی یەكدابەدووی هەموو گەمارۆكان بەدژی ئێران" نەكراوە، پێداگری كردەوە كە، دەوڵەتی ئامریكا وەلانانی گشت گەمارۆكان لە یەكەم ڕۆژەوە بە هەنگاوێكی عاقڵانە نازانێ. ئێران و ١+٥ شەوی ١٣ی خاكەلێوە لە لۆزانی سویس بەیاننامەی لۆزانیان خوێندەوە كە پێشتر هەردووك لایەنی وتووێژەكان ئیمزایان كردبوو. بەپێی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیی لۆزان كە چوارچێوەی بەرنامەی هەوڵی هاوبەش دیاری دەكا، كۆماری ئیسلامی بەرنامەی ئەتۆمی خۆی سنووردارو ئاڵوگۆڕ بەسەر هێندێك لە ناوەندە ناوكییەكانیدا دادێنێ. لە بەرامبەر جێبەجێ كردنی دروستی ئەم بەڵێنیانەشدا، گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە هەڵدەگیرێن.