کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی تایبەتی «کوردکاناڵ» لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

19:40 - 19 خاکەلێوه 2715

لەسەر پرسی دێموکراتەکان و داهاتووی حیزبی دێموکراتپ: لە پەیامە نەورۆزییەکەی دا، جەنابت زۆر گرینگیت بەو بەشە لە پەیامەکەت دا کە تایبەت بوو بە داهاتووی حیزبی دێموکرات و ئاماژەت بەوە کرد کە لە ساڵی 94دا حیزبی دێموکرات جێژنی 70 ساڵەی دامەزرانی خۆی دەگرێ و، ڕوو بە ئەندامانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کۆمەڵە چاوەڕوانییەکت باس کرد. گرنگیی ئەم پەیامەی جەنابت و هۆکاری ئەوەی جەنابت لە دەسپێکی ساڵی نوێدا ئەم باسەت ورووژاند، چیە؟ وەڵام: گرینگییەکەی لەوەدایە حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکەم حیزب بووە کە بە شێوەی مۆدێرن لەنێو جوڵانەوەی کورددا دامەزراوە. یەکەم حیزب بوو کە ئیفتیخاری ئەوەی پێ‌بڕا یەکەم کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ. یەکەم حیزب بوو کە لەودا سەرۆک کۆماری کوردستان، یەکەم سەرۆک کۆمار سەرۆکی حیزبی دێموکراتیش بوو. ئەوەندەی ئاوڕ لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەدیەوە، لە هێما نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، لە کۆمارەوە بگرە هەتا ئاڵا، هەتا ناوی پێشمەرگە، هەتا درۆستکردنی ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی، بەشێکی زۆری حیزبی دێموکرات کاری بۆ کردووە و پێیەوە ماندوو بووە و هێناوییەتە مەیدانی خەباتی سیاسی و تێکۆشان، و ئەو حیزبە ئیفتخاری خەڵکێکی زۆر بووە کە تێیدا لە خەبات و تێکۆشان، بەشدار بوون. بەشێک زیندانییان لەسەر چێشتووە، بنەماڵەیەکی زۆر شەهیدیان بۆ داوە و خەڵکێکی زۆر لێی فێر بوون، هەر بۆیە ئێعتبارێکی جەماوەری بەهێزی هەیە لەنێو کۆمەلانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە خۆشییەوە واشی سیاسەت کردووە بە بەراوەرد لەگەڵ زۆر لایەنی دیکە، ڕاستییەکەی گلەیی کەممان لەسەرە. بەڵام ئەو حیزبە بە هەموو ئیفتخاراتی خۆی، لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان و قوربانییەکانی ئەگەر تۆ ئاوڕ دەدەیەوە بەتایبەت بە مێژووی پەنجا ساڵی ئەخیردا، لەنێو خۆماندا حیزبێکی پڕموشکیلە بووین، حیزبێکی پڕ کێشە بووین، حیزبێک بووین ئینشیعاب و لێکدابڕان و لەگەڵ یەک نەحاوانەوە و لەتبوون و کێشەیەکی زۆری نێوخۆییمان بووە و، جاروبار بەداخەوە چەندوچۆنی ئەو کێشانە، لە زمانی کەسایەتییەکانی حیزبی دێموکراتیش وای باس کراوە ڕەنگە زۆر کەس کە تەمەنێکی زۆری لە حیزبی دێموکراتیش تێپەڕ کردووە، ئەو جێگایەی پێویستە لە حیزبایەتی پێی بدەن، پێی نەدراوە. بەلام ئەوەی بەلای منەوە گرینگە کە لە پەیامە نەورۆزییەکەشدا ئاماژەم پێ‌دا، ئەوەیە؛ بۆ ئێمە وەک حیزبی دێمۆکرات، هەر دوو لای دێموکرات و ئەندامانی دێموکرات لە هەر دوو بەشەوە، کە بەرەو یادی حەفتا ساڵەی خۆمان دەچین، ئەگەر خەڵکیش پرسیارمان لێ‌نەکا ئەدی لەو حەفتا ساڵەدا چتان کردووە، چۆنتان سیاسەت کردووە، چۆن کێشەکانتان چارەسەر کردووە، چۆن لە سەردەمی ئێستادا کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نازانین چی لێ‌دێتەوە، سیناریۆی ناڕوون زۆر ڕوودەدا، هەر ڕۆژێ شتێک دێتە پێشێ، ئەی چۆن وڵامی ئەوانە دەدەنەوە لە داهاتوودا، حەق وایە ئێمە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە هەر دوو بەش بڵێین ئەرێ ئێمە ئەو حیزبە چۆن تەیار دەکەین، چۆنی ئامادە دەکەین کە وڵامدەری ڕوداوەکان لە ناوچەکە و ئینتزاراتی کۆمەڵانی خەڵک لەنێو خۆی وڵات بێ. بەو دەلیلە لەڕوانگەی منەوە زۆر گرینگە، زۆر موهیمە لە یادی حەفتا ساڵەی حیزبی دێموکراتدا ئێمە چۆن لە خەبات و تێکۆشان شەهامەتمان بووە، ئێمە تەنانەت ڕێبەرانی خۆمان لەو مەیدانەدا لەدەست داوە، لە پێداچوونەوە بە خۆمان، لە ئاماژەدان بە هەڵە و ئیشتیباکانمان، لە دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانمان، لە ئاماژەدان بەو شوێنانەی کە ئێمە بە کارو کردەوەی خۆمان هۆیەک بووینە بۆ ئەوەی کە حیزبی دێموکرات وەحدەتی تێدا نەبێ یان نەمانتوانیوە بەیەکەوە کار بکەین، بە ئاماژە بەوانە وردەوردە دوای حەفتا ساڵ، حیزبی دێموکرات بەرەو ئەوە ئامادە بکەین کە وڵامدەری ئەو ئینتزاراتە بێ و لەو پەیوەندییەدا ئەوەی بەلای من‌و بەلای ڕێبەریی ئێمەوە گرنگ بوو، دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بوو بۆ چارەسەریی کێشەی دێموکراتەکان. پ: لە حالێک‌دا جەنابت ئەو چاوەڕوانییانە لەلای ئەندامانی هەر دوو‌ لای دێموکرات ساز دەکەی و باس لە چاوەڕوانیی خەڵک دەکەی، ئێستا نزیک بە هەشت ساڵە حیزبی دێموکرات لێکدابڕانی تێدا ڕووی داوە و ئێستا د‌وو دێموکرات هەیە و ئێوە زیاتر لە سێ ساڵە لە دیالۆگ و وتووێژ دان بۆ چاردسەری ئەم گرفتە. تا ئێستا چتان کردووە و بە چ ئاکامێک گەیشتوون؟ وەڵام: وڵامی یەکەمی پرسیارەکەی جەنابت ئەوەیە کە تا ئەو لەحزەیەی لێرە لەگەڵ‌یەک دانیشتووین، دەکرێ بڵێم بەداخەوە ئێستا بە بونبەست گەیشتووین. لە ڕوانگەی منەوە لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەو بەشەی کە کاک مستەفا هیجری سکرتێرییەتی، ئەوان بە بونبەستیان گەیاندووە. جا ئەمن تێدەکۆشم بچمە نێو تەفاسیل و جوزئیاتی ئەوەی بۆ ئاوای لێهات. ئێمە چمان کردووە، ئەوان چۆنیان وڵام داوەتەوە، ئێمە چۆنمان هەوڵ داوە، چ جوابێکمان لەوان وەرگرتۆتەوە، ئێمە چ گەڵاڵەیەکمان هێناوە، ئەوان چیان کردووە و بٶچی ئاوای لێهات. پێشەکی لەتبوون و ئینشیعاب، لێک جیابوونەوە، هەرچییەکی بێ، لە مەرحەلەیەکدا کە پێکەوە کار ناکرێ، وای لێ‌دێ، لێک جودا دەبنەوە. قەتعەن وەسەریەک کەوتنەوە زەحمەتترە. لێکدابڕان ئاسانترە، ئەو لایەنەی هەوڵ دەدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە، دەبێ ئەو ئیستیعداد و ئامادەگییە لەخۆیدا پێک بێنێ کە گوزەشتی زۆر بێ. کە کاتێک بیر لە ڕێگەچارە دەکاتەوە، زۆر خۆی چەقبەستوو نەبینێ لە کێشە مێژووییەکاندا. زۆرتر ئەو یەکگرتنەوەیە وا چاو لێ بکا، زەرورەتێکە بۆ داهاتوو و جیددیش بۆی بچێ. ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەژێر ڕووناکایی ئەو خوێندنەوەدا کارمان کردووە کە ڕێگەچارەیەک ببینینەوە. پاش ئەوەی کە ڕەوابیتی هەردوولا عاددی بۆوە، ئیدی وردەوردە زەمینەی ئەوە دروست دەبوو کە ئێمە بتوانین لەگەڵ یەک دابنیشین و موزاکرە بکەین. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا من لێرە ئاماژەیان پێدەکەم، زۆربەی زۆری ئیبتیکارەکان لەلایەنی ئێمەوە بووە. سێ جار من بۆ خۆم هەوڵم داوە، لە دەرگای ئەم و ئەوم داوە، بۆ ئەوەی قەناعەت بە کاک مستەفای هیجری بێنم بەیەکەوە دابنیشین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک. جاری یەکەم داوام لە دۆستێک کرد هەردوولامان میوانی بووین. لەوێدا باسێکی زۆرمان کرد، ئەو کێشانە لە ڕابردوودا هەرچییەکی بووە، سیاسەت کێشەی تێدا هەیە، لێکدابڕان هەیە، بەڵام ئێستا با ئامادە بین حەللێک ببینینەوە. پاش ماوەیەکی دیکە کونسوڵی فەڕەنسا سەردانی ئێمەی کرد، میوانی ئێمە بوو، بە حوکمی ئەوەی دۆستی دێموکراتە، لە قەدیمەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە هەبووە. ئەوەش بەشێکی بەرهەمی کار و تێکۆشانی دیپلۆماسیی دوکتۆر قاسملووی نەمرە لە پاریس، ئەو داوای کرد کە چۆنە ئەمن دەعوەتتان بکەم بەیەکەوە دابنیشن. گوتم جا دۆستێکی وەک ئێوە داوا لە دێموکرات بکا، قەت ناڵێین نا. لەگەڵ کاک مستەفا هیجریش پێوەندی گیرا، لە کونسوڵی فەڕەنسا دانیشتین. لەوێدا کە ئەو بەعسانەمان کردەوە، هەر دوو لامان هاتینە سەر ئەو قەناعەتە کە بەڵێ بەدوای ئەوەدا دەڕۆین کاری لەسەر دەکەین وتووێژ و گفتوگۆ بکەین و چارەسەری بکەین. تەنانەت کونسوڵی فەڕەنسا گوتی ئەگەر ناشتوانن یەک بگرنەوە، وەک دوو حیزب کار بکەن. گوتمان نا، ستراتیژی ئێمە یەکگرتنەوەیە. بۆ یەکگرتنەوە کار دەکەین. گوتی زۆر باشە. بەدوای ئەوەدا کۆمەڵێک دانیشتن و موزاکرات هاتەگۆڕێ. ئێمە گەڵاڵەیەکمان ئامادە کرد. گەڵاڵەی ئێمەدا باس لەهەر دوو حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکا، ئێمە گەڵاڵەکەی خۆمان کە نەتیجەی گفتوگۆ و موزاکرە لە کۆمیتەی مەرکەزی و ڕیزەکانی خۆمان و مەشوەرەت لەگەڵ ئەندامانی خۆمان و چەندین جار پێداچوونەوە و قسە لەسەرکردن بوو، هێنامانە پلێنۆم، لە پلێنۆمدا پەسەند کرا، پلێنۆم دایەوە بە دەفتەری سیاسی، دەفتەری سیاسیش پێشکەش بەو هاوڕێیانەی کرد. ئینتزارمان دەکرد ئەوان ئەو گەڵاڵەی ئێمە وڵام بدەنەوە. سەرەنجام کە داوامان لێ کردن، ئەوان بەشێوەی شەفایی گوتیان ئێمە موافقی ئەو گەڵاڵەیە نین. گوتمان باشە بە کەتبی وڵاممان بدەنەوە، موافقی چن بینووسن، بڵێن ئەو بەشە لە گەڵاڵەکەمان قبووڵە، ئەو بەشەمان قبووڵ نیە. لێرە خاڵی هاوبەشە، لێرە ناکرێ سازشی لەسەر بکەین، لێرە دەکرێ سازشی لەسەر بکەین، بەسوڕەتی کەتبی هیچ وڵامێکی ئێمەیان نەدایەوە. دیسانەکە ئێمە خەبەرمان لێ ناردنەوە، ئێوە گەلاڵەی خۆتان بنووسنەوە بۆمان بێنن. جارێک هەروا شەفایی کە هاتبوون، گەڵاڵەیەک کە توافقی تێکەڵبوونەوەکەی پێشوو بوو، ئەویان هێنابوو. لەحاڵێکدا ئێمە هەردوو لامان پێمان‌وابوو کە تێکەڵبوونەوەکەی پێشوو نەقسی هەبووە، کامیل نەبووە، هەردوولا باش موتەعەهید نەبوون، بەباشی ڕووحی یەکگرتنەوە بەسەر دروستکردنەوەی ئەو وەختی حیزبی دێموکراتدا زاڵ نەبووە، دوایە ئەو کێشانە هەر ئیدامەی پەیدا کردووە، لە حەددی خۆیدا بە شێوەیەک زەمینەی بۆ کێشەکانی کۆنگرەی سێزدەش دروست کردووە، دەی باشە گەلاڵەیەک کە مووەفەق نەبووە، چۆن دەتوانێ ببێ بە رێگاچارە. بەهەرحاڵ پاش ماوەیەکی دیکە ئەوان هەر وڵامیان نەبوو. ئێمە بۆخۆمان لە دەفتەری سیاسی باسمان کرد لەو دواییاندا کە حەللێک ببینینەوە. داوایان لێ بکەین بە شەفاییش بێ قسەی خۆیان بکەن. دەنا لەڕاستیدا ئەوان لەلایەن خۆیانەوە شتەکەیان کۆتایی پێ‌هێنابوو. نە خەبەریان لێ دەناردینەوە، نە داوایان دەکرد، نە دەیانەویست لەسەر گەڵاڵەیەک قسە بکەن. وابوو دەفتەری سیاسی داوای لە من کرد کە بۆ جاری سێهەم ئەوجار، چونکە جارەکانی پێشووش هەردووک جارەکان ئەمن ئیبتیکاری تەماس گرتن لەگەڵ کاک مستەفای هیجریم کردبوو کە بەیەکەوە دابنیشین حەللێک ببینینەوە. ئەمجارەش داوام لە کاک مستەفا کرد کەبەیەکەوە دابنیشین، با ئەو شتە بە بونبەست نەگا، لە مەرحەلەیەکی دیکە دەست پێ‌بکەینەوە، ئەمن گوێت دەدەمێ، دووبەدوو قسەی لەسەر دەکەین، چۆن دەتوانین مودیرییەتی دەفتەری سیاسی هەردوولا بکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک. ئێمە کە دانیشتین دەوری سێ چوار مانگ پێش ئێستا بوو. گلەییم لێکرد گوتم ئێوە ئەو گەڵاڵەیەتان قبووڵ نەکرد، دەبا وڵامێکتان دابایەوە، دەی باشە ئەو گەڵاڵەی ئێستاش لای کومیتە مەرکەزی ئێمە ماوەتەوە، ئەو گەڵاڵەیە وەلا دەنێین، بزانم حەللەکەی ئێوە چیە. من چەند پێشنەهادم پێ‌کرد. لە سیاسەت و لە کێشەی حیزبەکاندا زۆرجار باسی ئەوە دەکرێ کە شەڕ لەسەر دەسەڵاتە، تەبیعیشە لە دەسەڵاتدا شەڕی دەسەڵات هەیە، من هەر لەو پێوەندییەدا بۆوەی من کۆمەکم کردبێ بەوەی کە حیزبی دێموکرات وەسەریەک کەوتبێتەوە، قەتعەن کاتێک باسی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات دەکرێ، دەڵێن ئەدی خالیدی عەزیزی سکرتێر دەبێ یان مستەفای هیجری، کێهەیان سکرتێر دەبێ، لە پرۆسەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتدا کە هەردوولامان دەمانەوێ هەردوولای حیزبی دێموکرات وەسەریەک خەینەوە بچینە کۆنگرەی حیزبێکی واحید، هەتا کۆنگرە جەنابت سکرتێری هاوبەشمانی، ئەمنیش لە خزمەت ئەو حیزبەدا دەبم لە هەر شوێنێک کارم پێ‌بسپێرێ. ئەوە بە نیسبەت خۆمەوە، ئەووەڵ کەس من لەخۆمەوە دەست پێدەکەم. دوایەش ئێوە حەساسییەتێکی بێ‌جێ و نادروستتان لەسەر ناو هێناوەتە گۆڕێ، ناوی ئێمە و ناوی ئێوە بەشێک لە مێژووی حیزبی دێموکراتە، ئینکار ناکرێ. بەڵام بۆوەیکە دیسان ئێمە ئیمتیازێکی دیکەش بدەین، شانسێکی دیکەش بدەین بە ئێوە، چۆن من بۆ خۆم شانسێک دەدەم بە تۆ، لەو پەیوەندییدا لە دەورانی سکرتێریی جەنابت حیزبی دێموکرات لەت بوو، ئەوە من موددەعی پۆستی سکرتێری نیم ئەوە جەنابت دەبی بە سکرتێر، لێرە شانسێکی دیکەش دەدەین بە یەکگرتنەوەی ئەو حیزبە، ئێمە ئامادەین لەژێر نێوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ ئێمە هێڵی سوور نیە، لە کۆنگرەی سێزدە کە ئێمە و ئێوە دەنگمان پێداوە، ئەو دەکەین بە مەبنا، بەڵام مەجموعەیەک ژێرمەجموعەی دەبێ، مەجموعەیەک میکانیزمی دەبێ، قەیناکا با ئەوەش ئاوا بێ. گوتی دەی زۆر باشە هەردووک لامان دەیبەینە دەفتەری سیاسی. لەو دانیشتنەدا لای خۆم من وام تەسەوور دەکرد ئێمە هەنگاوێکی زۆر ڕۆیشتووینە، هەر ماوەتەوە لە دەفتەری سیاسی هەردوولا باسی لێ بکەین و وردەوردە بەدوای وردەکارییەکانی ئەوەدا بڕۆین تا چووین لەگەڵ ئەوان‌دا کۆبوونەوەیەکی دەفتەری سیاسیمان کرد. پ: کاک خالید، دوای ئەو هەیئەتانەی پێکەوە موزاکرەیان دەکرد، دواتر گەشبینیەک دروست بوو کە ئەندامانی دەفتەری سیاسی هەردوولا پیکەوە دادەنیشتن و تەنانەت بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە مساحیبەیەکدا باسی ئەوەی کرد چاوەڕوانی هاتنەوەی جەنابتن کە ئەوکات بە سەفەرێک لە ئورووپا بووی، ئەوە کە دێیەوە و تەنانەت ئەو گەشبینیەی بە خەڵک دا کە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بووە و چاوەڕوانی ئەوەین کە بەڕێز کاک خالید بێتەوە . دوای ئەوەی ئێوە دانیشتن لە دەفتەری سیاسی، بەڵام تا ئێستاش هیچ ئاکامێک دیار نیە، ئەو دانیشتنە بەکوێ گەیشت؟ وەڵام: بەڵێ من و کاک مستەفا کە لەگەڵ یەک دانیشتین، هەردووک لامان، لانیکەم ئەمن بۆخۆم خوێندنەوەکەم وابوو کە بەو ڕوحیاتەوە دەچینە کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسی هەدروولا و لەوێدا دەفتەری سیاسی هەردوولا و هەیئەتەکانمان ئەرکدار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەوە. لە کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسی کە ئەو مەوزووعە باس کرا، گوتمان کۆمەڵێک میکانیزم دەتوانێ کۆمەک بەوە بکا. ئێمە کە گوتمان ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێڵی سوور نیە، نێوی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بۆ ئێوە هێڵی سوور نیە، بەڵام هیچ ئیشکالی نیە دەڵێین نێوەکە نێوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، با بزانین ئێستا ئێمە کێ تێکەڵ دەکەینەوە، ئەو خەڵکە کێ‌یە. چۆن بەرەو ئەوە بڕۆین لە ئیشتباهاتی پێشوو دەرس وەربگرین. بنەمای یەکگرتنەوەیەک دابنێین کە نیگەرانیەکانی هەردووک لامان بەرتەڕەف بێ و دوایە بە دڕدۆنگی لەگەڵ یەک کار نەکەین. ئێمە پێشنەهادمان پێکردن، دەی باشە هەردوو باڵی دێموکرات یەک دەگرینەوە، هەردوولای دێموکرات یەک دەگرینەوە، دێموکراتەکان یەک دەگرینەوە، هەمووی ئەوانە لەڕوانگەی ئێمەوە هیچ ئیشکالی نیە، چون هەردوولا دەگرێتەوە. هەروەها لەوانە گرنگتر ئێوە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو هەشت ساڵە مێژووی خۆتان هەیە، لە ئیدامەی مێژووی پێشووتان، ئێمەش مێژوویەکی جیاوازمان هەیە لە ئیدامەی مێژووی پێشوومان. چۆن وابکەین هەردووک لا بەقەناعەتێک بگەین مێژووی هەردووک لامان مێژووی هەموو لایەکمانە و هەردوولا لە کاتی پێویست موراجیعەی پێدەکەین، بۆوەی ئەو خەڵکە خۆی لە حیزبی دێموکراتی واحید و یەکگرتوو لە داهاتوودا ببینێتەوە. ئیحساس نەکا موعامەلەکە یان یەکگرتنەوەکە جۆرێک بووە لایەک لە پەراوێز کەوتووە، لایەک وەلانراوە، لایەک خودییە و لایەک ‌غەیرە خودییە. ئێمە ئەوانەش پێشنەهاد دەکەین. لە هەمووی ئەوانە گرنگتر بۆخۆشتان لە پلێنۆمەکەی پێشوودا باستان کردووە، کۆنگرەی هاوبەش، ئەو دوو بەشە کێن؟!، دەی ئەو دوو بەشە دوو لایە. بۆ ئەوەی ئێمە واریدی ئەو خانەیە بین، شتی ڕەوانی بڕەوێتەوە، لەو شتانە کە زۆرتر ئی سەردەمی لێک تووڕە بوونە، چەقبەستوو نەبین ئەوەیە کە «هاوڕێیانی پێشوو» و شتی وا وەلا دەنێین، هەردووک لامان دەڵێین دێموکراتەکان، هەردووک باڵی دێموکرات یان دێموکراتەکان بەیەکەوە. کاتێک باسی ئەوانەمان کرد، گوتیان ئێمە لە دەفتەری سیاسی ناتوانین لەسەر ئەوە قسە بکەین، ناتوانین لێرە بڕیار بدەین دەبێ بیبەینەوە پلێنۆم، لەحاڵێکدا ئێمە لە دەفتەری سیاسی خۆمان بڕیارمان دابوو و ئەندامی کۆمیتە مەرکەزی و ئەندامی خۆشمان هەبووە گلەیی لە ئێمە کردووە، گلەییان لە خۆم کردووە ئەدی تۆ بۆ وات بە کاک مستەفا گوتووە کە ئەمن نابم بە سکرتێر جەنابت ببێ‌یە، ئەوە کۆنگرەی هاوبەش لە داهاتوودا تەسمیم دەگرێ، گوتومە هیچ ئیشکالی نیە. تەنانەت گلەییان لێ کردووین بۆ گوتوتە نێوی حیزبی دێموکرات هێڵی سوور نیە، ئیمە گوتومانە ئەگەر دڵسۆزانە و مەسئولانە بەرەو چارەسەر بڕۆین، لە موزاکراتدا ئەو شتانە هەیە و بۆ ئێمە موهیمە هەردوولامان وەسەرێک کەوینەوە و دوایە کێشەکان چارەسەر بکەین. ئەوان گوتیان ئێمە لەدەفتەری سیاسی ناتوانین لەسەر ئەوە بڕیار بدەین، دەبێ ئەوە بەرینە پلێنۆم. ئێمەش گوتمان هیچ ئیشکالی نیە. قەراریش درا هەرکات ئەوان پلێنۆمیان گرت، بە چاک و بە خراپ، کە ئێمە ئینتزاری باشمان دەکرد، وڵامەکە لە ئێمە دەنێرنەوە، بیلافاسیلە ئێمە لە دەفتەری سیاسییەکان دادەنیشینەوە و هەیئەتەکان دادەنێین و حەتتا هەردوو لامان، لانیکەم من خۆشبین بووم، بە‌ڵکە لە ڕۆژی نەورۆزدا پەیامێکی باشمان هەبێ یان ئەوەکە لە حەفتا ساڵەی حیزبی دێموکراتدا بەیەکەوە ئەو خەون و ئارەزوانەی کە هەموو لایەکمان هەمانە، حیزبی دێموکراتێکی بەقووەتمان بەبێ، لەوێڕا دەستی پێبکەین و دروستی بکەینەوە. بەڵام بەداخەوە کاتێک ئەوان ماوەیەک پێش ئێستا پلێنۆمیان گرت، ئێمە هەر چاوەڕوان بووین و چاوەڕوانیمان دەکرد وڵامێکی باش بێتەدەرێ، یەکەم هەر قسەی جاران بوو، «هاوڕێیانی پێشوو»، دەتگوت لەو کۆبوونەوەیەدا نە من لەگەڵ کاک مستەفا دانیشتووم و نە هیچم گوتووە و نە هیچ تەوافقێکمان هەبووە و نە دەفتەری سیاسی لەگەڵ یەک دانیشتووین. بۆیە ئێمە بەوە ناڕەحەت بووین و پێمان وابوو ئەوان لەژێر پێی ئەو بەحسانە چوونەتەدەرێ. نەدەبا ئەوەیان کردبایە، بەڵکو لە پلێنۆمدا دەبوو ئەوەیان پەسند کردبایە و زەمینەیان ساز کردبایە بۆ دانیشتنەکانی دیکە. دوای ئەوەش لەباری تکنیکی موزاکرات و گفتوگۆ، ئاخر دوو لایەن دادەنیشێ، لایەک دەڵێ مونتەزیر دەبم لایەکەی دیکەش دەڵێ وەڵامت لێ دەنێرمەوە. تا ئێستاش بە چاک و بە خراپ وڵامیان لە ئێمە نەناردۆتەوە. ئەدێ ئێمە دوو دەفتەری سیاسی لەگەڵ یەک دانیشتین، کۆبوونەوەیەکمان کرد، ئەوەش نەتیجەکەی بوو هاوڕێیان، ئەوەی ئێوە دەڵێن ئێمە موافقی نین. لانیکەم وڵامیان دەداینەوە، تا ئێستاش نە بە نووسراوە نە بە قسە، نەیانگوتوە ئەدی ئێمە بڕیارەکەمان ئەوە بووە؛ بەڵام نەتیجەی پلێنۆمەکەی ئەوان نەتیجەیەکی باش نەبوو و لەگەڵ ڕوحییاتی ئەو قسانەی من و کاک مستەفا کردمان و شۆڕمان کردبۆوە خوارێ، لە دەفتەری سیاسی هەردوولا باسی کرابوو، بە هیچ جور لەگەڵ ئەوە نەدەهاتەوە. بۆیە لەڕاستیدا ئەوان بەو هەڵوێستە دەکرێ بڵێم پڕۆسەکەیان بە بونبەست گەیاند، دەنا بەو ئیبتکاراتەی ئێمە هەمانبوو و ئەوانیش ئیستعدادێکیان نیشان دابوو، یا مەرحەلەیەک ئێمە چووبووینە پێشێ. پ: لەدوای دانیشتنەکەی هەر دوو دەفتەری سیاسیییەوە تا ئێستا ئێوە هیچ پێوەندییەکتان پێوە نەبووە، نامەیەک لەلای ئێوەوە بچێ بۆ ئەوان یان هی ئەوان هاتبێ، یان جەنابت لەگەڵ کاک مستەفا کۆ ببیتەوە، هیچ شتێک نەبووە؟ وەڵام: دوای پلێنۆمی ئەوان کە هیچ خەبەرێکیان لە ئێمە نەناردەوە و ئێمەچاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد، نا، ئێمە پێوەندیمان نەکردۆتەوە. بەڵام هەموو جارێ ئێمە کردوومانە؛ من دوو نموونەت بۆ دێنمەوە: لە ساڵانی پێشووشدا لە تەنیشتی ئەوەی موزاکراتمان دەکرد و لەگەڵ یەک دادەنیشتین، هەوڵمان دەدا بەعزە حەللێک بێنینە گۆڕێ، بە موازاتی ئەو موزاکراتانە ڕیزەکانی خوارەوەش کاری هاوبەوش بکەن، ئێمە لە ئورووپا و ئەمریکا و لێرە بە هەموو ئۆرگانەکان و موئەسساتی حیزبی و کومیتەکانی خۆمانمان گوتبوو پێشنەهادیان پێ بکەن بۆ هاوکاری بە موناسیبەتە جۆراوجۆرەکان، خەڵکەکه‌ کۆ بێتەوە لە دەوری یەک بێ و لەوێڕا وردەوردە زەمینەی ئەو شتانە دروست بێ. هەر لە ماوەی ڕابردوودا ئێمە، ساڵی ڕابردوو، دوو ئەندامی کومیتە ناوەندی خۆمان ناردۆتە لای سکرتاریای ئەوان، داوامان لێکردوون بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدان، با بەیەکەوە لەسەر گۆڕستانی هاوبەشی دێموکراتەکان کۆ بینەوە و ڕێزیان لێ بگرین، ئەوە سەرەتایەک بێ، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردۆتەوە. مەوریدی وا لە وڵاتانی دەرەوە زۆر زۆر بووە، ڕەدیان کردۆتەوە. مەوریدی وا لێرە زۆرزۆر بووە، ڕەتیان کردۆتەوە. گوتومانە بە موناسیبەتی یادی دوکتۆر قاسملوو، یادی دوکتۆر شەڕەفکەندی، یادی پێشەوا، لەو کارانەدا وردەوردە دەست پێ‌بکەین، لە دەوری یەک کۆ بینەوە، بەڵکە جەوهەری ئەو یادانە هاندەرێک بێ بە لەحازی ڕووحی و ڕەوانی، ئێمە خۆمان لەگەڵ یەک ببینین، هەمووی ئەوانەیان ڕەت کردۆتەوە. هەر لەماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا کە تەلەویزیۆنەکەیان بەداخەوە داخرا، ئێمە لە دەفتەری سیاسی نامەیەکمان بۆ ئەوان ناردووە، لە نامەکەدا گوتوومانە ئێستا کە تەلەویزیۆنەکەی ئێوە داخراوە، ئێوە دەتوانن لە تەلەویزیۆنی کوردکاناڵ ئیستیفادە بکەن. بۆیە لەو پێوەندییەدا ئێمە ئامادەین لەگەڵتان دابنیشین، تا تەلەویزیۆنەکەی خۆتان دەست بەکار دەکاتەوە، بەرنامەکانتان ئەوەی پێویستتانە لە کوردکاناڵ بڵاوی بکەنەوە، لانیکەم تا ئێستا خەبەرێکیان نەناردۆتەوە کە نامەکەتان گەیشت، نامانەوێ و زۆر سپاس، دەمانەوێ بەڵام چۆنی بکەین. لە عورفی ڕەوابیتدا کاتێک نامەیەک بۆ شوێنێک دەنێردرێ، هەرچەند تۆ ئەو شوێنەت خۆشیش نەوێ، لانیکەم دەڵێی کاکە نامەکەت گەیشت زۆر سپاس، بەڵام نامانەوێ. تا ئێستا نە بە قسە و نە بە نووسین جوابێکیان نەداوەتەوە. مەبەستم ئەوەیە ئەوان لە تەعامولی ئەو کێشە لە یەک خانەدا گیریان کردووە، خانەکە هەمووی بەداخەوە ئەوەیە ئینکاری تۆ بکەن، تۆ بە ڕەسمییەت نەناسن. لەحاڵێکدا ئێمە هەرگیز لە هیچ شوێنێک داوامان لەو هاوڕێیانە نەکردووە کە ئێوە ئێمە بە ڕەسمییەت بناسن. پێویست نیە ئێمەش ئێوە بە ڕەسمی بناسین. ئەو دوو دێموکراتە چاک یان خراپ ئەوە هەن و دەڕوا ، هەر کەسە خەڵکی خۆی هەیە و سیاسەتی خۆشی دەکا و پێویست ناکا بێن لەیەکتر سەنەد وەربگرن و ئیمزا وەربگرن. ئەوان یەک لەوەدا گیریان کردووە بەداخەوە. جا بۆیە ئێمە لەو مەواریدانەدا هەرچەند ئیبتکارمان بە خەرج داوە، زۆر نەچووینەتە پێشێ، هەوڵەکان ئەغڵەب یەکلایەنە بووە، ئەمن پێم خۆشە ئەوەش بڵێم زۆرجار هاوڕێیانی خۆمان ڕەخنەیان لە خۆم بووە یان ڕەخنەیان لە دەفتەری سیاسی بووە، ئەدی ئێوە بۆ هێندە نەرمونیانی نیشان دەدەن، هەر ئێوە ئینعتاف نیشان دەدەن، هەر ئێوە هەوڵ دەدەن و خۆ ماندوو دەکەن بە پرۆسەی یەکگرتنەوە، ئەوان کەمتر پێیەوە ماندوون، کەمتر وەک ئێوە خەمخۆرن، ئەوە بۆ ئاوا دەکەن، ئێمە ئەو گلەیی و گازندانەشمان لەنێو ڕیزەکانی خۆمان قبووڵ کردووە، هەر لەسەر ئیحساسی مەسئولییەت بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە و دێموکراتەکان بکەونەوە سەریەک. پ: کاک خالید هەرچەند لە لەوانەیە کەمێک له‌ باسه‌که‌ دوور کەوینەوە، دوای ئەوەی چاوەڕوانییەکی باش لەنێو خەڵکدا دروست بوو، یانی گەشبینییەک هەبوو، هیوایەک هەبوو، ئێستا بەداخەوە جەنابت دەڵێی بە بونبەست گەیشتووە، بەڵام لەو سەروبەندەدا کە هیوایەک هەبوو، کتێبێک لە نووسینی کاک مستەفا هیجری بڵاو بۆوە بەنێوی «نسکۆ و دابڕان» ، لەو کتێبەدا کۆمەڵێک هێرش کراوەتەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکانی، ئێوە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاتان لەسەر ناوەڕۆکی ئەو کتێبە و ئەوە کە لە ئێستادا بەو ئەدەبیاتە و لە ئاستی سکرتێردا ئەو کتێبە بڵاو بۆتەوە، چیە؟! وەڵام: بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە لەو قۆناخەدا، لانیکەم لە سەردەمێکدا کە ئەمن و کاک مستەفا پێکەوە دانیشتووین و قسەمان لە زۆر شت کردووە و دەفتەری سیاسی هەردوولامان دانیشتووین و بەرەو ئەوە دەچووین بەعزە حەللێک ببینینەوە، لانیکەم ئەمن وام فکر دەکردەوە، گەشبینیم دروست دەکرد، بەدبینیم دەڕەواندەوە، هەوڵم دەدا گرژی و ئاڵۆزی نەمینێ، بەڵام دەرچوونی ئەو کتێبەم زۆر پێ ناخۆش بوو. پێش ئەوەی بێمە سەر ئەوەی ئەو کتێبە بۆ ئێستا دەرکرا و شوێنەواری ئەو کتێبە، ئاماژە بە شتێکی هاوشێوەی ئەو دەکەم. دوو ساڵ سێ ساڵ پێش ئێستا، کاتێک ئێمە لە عاددی کردنەوەی ڕەوابیتدا باش دەچووینە پێشێ، دادەنیشتین، پەیاممان بۆ یەکتر دەنارد، هەوڵمان دەدا، خەڵکمان ئومێدەوار دەکرد، لە گەرمەی ئەوەدا بووین، لایەنی کاک مستەفا هیجری لە جیاتی ئەوەی بێن لەگەڵ ئێمە لەسەر چارەسەری کێشەکان قسە بکەین، لەژێرەوە چەند کەسێکیان لەنێو ئێمە هان دابوو، دوایە ئەو چەند کەسە چوونە نێو خۆیان. ئەمن گلەییشم لێ کردن گوتم ئەوە موعامەلەیەکی خراپە، دەڵین لە بازی شەترەنجدا شەترەنجبازی خراپ ئەوەیە کە ئەسپێک بە پیادەیەک دەدۆڕێنێ. ئەو حیزبە لەت بووە، لەتێک بەو هەموو کادر و پێشمەرگانە سەرمایەی هاوبەشمانە، نایەی کار لەسەر ئەوە بکەی بێین ئەو حیزبەی پێ گەورە بکەینەوە، لە ژێربەژێر لەسەر دوو سێ کەس کار دەکەن، فریویان دەدەن لەدژی ئێمە هەراوهوریای پێ دەنێنەوە، شتی وا دێ و دەڕوا و نابێ بە هیچ، ئینسان دەبێ گەورە فکر بکاتەوە، مەوریدی وەک ئەوە زۆر بوون، خەلک بە پۆل لەولاڕا هاتبوونە لای ئێمە، یەکجاریش لەتەلەویزیۆن باسمان نەکردن. مەبەستم ئیحساسی مەسئولییەتە، ئەو وەختیش ئەوە بۆیە کرا، بۆوەی کە ئەو ڕەوابیتە کە بەرەو عاددیبوون دەچۆوە، تێک بدرێ و تا ڕادەیەکیش تەئسیری دانا بۆ ماوەیەک ڕەوابیت گرژ و ئاڵۆز بۆوە و خەڵکی جۆراوجۆر بە مەبەستی جۆراوجۆر شتی لەسەر دەگوت و دەنووسی. بەڵام ئەمەی ئەوجار و ئەو کتێبە، لەڕاستیدا ئەمن زۆرم پێ ناخۆش بوو، ئێمە لە گەرمەی موزاکرە و گفتوگو و ڕێگەچارە دیتنەوەدا بووین، بەرەو ئەوە دەچووین کە ئەو کێشانە کە لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا بووە، وردەوردە لە شوێنێک وەک فایل دایانبنێین و ئارشیویان بکەین، مەگەر پێویست بێ موراجیعەی پێ بکەین، ئەگەر موراجیعەشت بە شتی مێژوویی کرد، ئارشیوەکان، تەبەقەبەندی دەکرێ، هێندێک شتی نێوخۆییە، ئی نێو بنەماڵەکەتە، هەرگیز ناچیتەدەر. بنەماڵەیەکیش شتی نێوخۆیی هەیە، دەوڵەتێکیش شتی نێوخۆیی هەیە، حیزبێکیش شتی نێوخۆیی هەیە. بەڵام بەداخەوە نووسینی ئەو کتێبە لەلایەن کاک مستەفا هیجرییەوە، لانیکەم ئەوەی بۆ من دروست کرد لە گەرمەی ئەوەی من ماندووم بەوە، دەفتەری سیاسی ئێمە ماندووە و بۆ وەحدەتی ئەو حیزبە دەڵێم کاک مستەفا جەنابت سکرتێر بەو ئەمنیش لە خزمەتت دام، لە گەرمەی ئەوەدا خەریکن دەچن کتێبێک دەنووسن، بۆ ئەوەی ئاڵۆزیی زۆرتر دروست کەن. کێشەی زۆرتر دروست کەن. وەک ئەوەی ئەو دەمەی لەگەڵ من دانیشتووە یان هاوڕێیانی دەفتەری سیاسییان لەگەڵ دەفتەری سیاسی ئێمە دانیشتوون و قسە دەکەن چۆنی حەل بکەین، بیریان لەوە کردۆتەوە ئەدێ چۆن کتێبێک بنووسین باسی ڕابردوو بکەین، ئەو کێشانە بێنینە گۆڕێ، جارێکی دیکەش جەوەکە تێک بەدەین و ئاڵۆزی بکەینەوە. کتێبێک کە بێ‌حورمەتی بەولایەی تێدا هەیە کە بەشیک لە مێژووی ئەویشە، بێ‌حورمەتی بە کەسایەتییەکانیش تێدا هەیە کە هێندێکیان بەقەد تەمەنی ئەو لەو حیزبەدا خزمەتیان کردووە. بۆیە دەبێ بڵێم دەرکردنی ئەو کتێبە لەلایەن کاک مستەفا هیجری ئیقدامێکی مەسئولانە نەبوو، لانیکەم ئەمن ماندوو بووم و لەگەڵ خۆشی باسم کردبوو، دەفتەری سیاسی ئێمەش ماندوو بوون کە چۆن چارەسەرێک ببینینەوە. ڕاوەستابان لە داهاتوودا، خۆ نەچوە بچێ. بەدبەختییەکی حیزبی دێموکرات ئەوەیە لە کتێب نووسین بەپەلەن، هەر کەس بەدوای بیرەوەرییەکاندا دەڕوا و کتێبیک دەنووسێ و ئاوڕ دەداتەوە و کێشەش بۆ نەسڵەکانی دیکە دروست دەکا. بۆیە ئەمن گلەییم لە خودی کاک مستەفا هەیە، نەدەبا ئەوەی کردبایە، لانیکەم دەبا ئەو ئیجازەی نەدابا و گوتبای ئەو کتێبە ئەگەر واش بێ ئێستا نابێ دەربچێ. ئێمە خەریکی هێندێک موزاکراتی جیددی لەگەڵ ئەو برادەرانەین، ماوەیەک ڕادەوەستین. ئەمن بێ‌ئەوەی بچمە نێو نێوەڕۆکی ئەو کتێبە، چاکە یان خراپە، بەڵام ئەو کتێبە کە ئێستا بڵاو بۆوە، وای دەخوێنمەوە، عەمدەن ئەوەیان کرد بۆ تێکدانی ئەو پرۆسەیە، بۆ لەباربردنی ئەو زەمینەیە بووە کە بە هیممەتی ئەندامانی هەردووک لا، دۆستانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوە، خەڵکانێکی زۆر لە ئەندامانی هەردوولا بەنێوی کەمپەین و کاری هاوبەش بەیەکەوە ئومێدەوارییان بڵاو دەکردەوە و موژدەی ئەوە دەدرا کە بەرەو چارەسەرێک دەڕۆین، بەڵام دروست لە گەرمەی ئەوەدا کتێبێکی ئاوا بڵاو دەکەنەوە. ئەو کتێبە لەڕوانگەی من عەمدی بڵاو بۆوە، بۆوەیکە پرۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و گەورەکردنەوەی حیزبی دێموکرات لەبار بچێ. لە هەمووی ئەوانەش گرنگتر زۆر لەوە بەداخم کە جاروبار بیر لە مێژووی حیزبی دێموکرات دەکەمەوە، لە پەنجا ساڵی ئەخیر ئەو هەموو کێشەمان هەبووە، لەوە بەداخم کە نەسڵی ئێستاش هێندە بەو کێشانەوە بژین، لەجیاتی ئەوەی دابنیشین فکر لە شتی گەورە بکەینەوە، ئەدی ئێران چی لێ دێ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چی لێ دێ، ئێمە چمان لێ بەسەر دێ، ئەو حیزبە هاوبەشەی ئێمە پەنجا ساڵە ژیانی هەر لە کوردستانی عێراق و دەربەدەری دایە، چی لێ بکەین، کتێبێک دەنووسرێ لەو کتێبەدا ئینرژییەکە لەسەر ئەوە سەرف دەکرێ، فڵان شەخسییەتە چۆن بشکێنن، فڵان شەخسییەتە چۆن تەحقیر بکەین، ڕابردووی جەمعێکی کە لەخۆیان زیاتر نەبن، کەمتر نین، بەبێ‌ئیحترامییەوە بەرخوردی پێبکەن. بۆیە بە باوەڕی من بۆ جارێکی دیکە دەڵێم مەسئولییەتی بە بونبەست گەیاندنی ئەو پرۆسەیە ئێمە ئەوجارە باشمان هێنابوو و سەر نەکەوتین، دەکەوێتە سەر لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سکرتێریی کاک مستەفا هیجری. بۆیە ئەوە دەڵێم بەڕاستی لایەنی ئێمە بە ئیعتماد بە نەفسەوە بە جیددییەت و بە عەلاقەوە چۆبووە نێو ئەو پرۆسەیەوە. پ: کاک خالید بگەڕێینەوە سەر پەیامەکەی جەنابت لە پەیامەکەدا دەڵێی کۆمەڵێک سیناریۆی ناڕوون، ئاڵۆز لە ناوچەکەدا هەیە و ئێستا دەبینین سیناریۆکان ناڕوونترن، ئاڵۆزترن، زیاترن، جەنابت دەفەرمووی پرۆسەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لانیکەم جار‌ێ لە بونبەست دایە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پرۆسانە و داهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی چۆن دەبینی و پێت وایە دەبێ چ بکرێ بۆوەی کە لانیکەم حیزبی دێموکرات بتوانێ وەک خەڵک چاوەڕوان دەکا، پێگەی خۆی وەدەست بێنێ و لەنێو ئەم سیناریۆ ناڕوونانەدا ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێ؟ وەڵام: ڕەنگە حەللی جۆراوجۆر هەبێ، خەڵکی جۆراوجۆر حەللی موختەلیف بێننە پیشێ، بەڵام ئەوەی لای ئێمە ئەولەوییەتی هەبوو وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حاڵی ئێستادا کارکردن بۆ ئەوە بوو چۆن دێموکراتەکان بکەونەوە سەریەک. پێمان وابوو بەشێک لەو ئینتزاراتە بە حیزبی دیموکراتێکی بەقووەت جێبەجێ دەبێ، بۆوەی ئێمە پێیەوە ماندوو بووین. بەڵام ئێستا کە بەداخەوە لایەنی بەرامبەری ئێمە ئەو پرۆسەیەی بە بونبەست گەیاند و لەوەدا مەسئولە کە نەیهێشت بە سەرەنجام بگا و ئەو ئاواتەی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێ بێ، ئێمە دەست لەسەر دەست دانانێین. ئێمە نائومێد نەبووین، دیسانەکە ئەمن پێم خۆشە لێرەدا ئەو پەیامە بدەم: سەرەڕای ئەوەی ئەوان بە جیددی هەرگیز بۆ ئەم مەسەلەیە نەهاتنە پێشێ، سه‌رنجیان بە ڕێگە حەللەکانی ئێمە نەکرد، بە جیددی لەنێو خۆیاندا نەیانکرد بە باس، چونکە نەتیجەکان وا نیشان دەدا، بەڵام دیسانەکە ئێمە هەر ئومێدەوارین. بۆ جارێکی دیکەش ئێمە هەر ئومێدەوارین لەسەر یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کار دەکەین و هیوادارم ئەوان پاش خوێندنەوەیەکی ڕابرد‌ووی ئەو کێشانە و تەجرووبەی موزاکراتی ئەخیر و چۆن تەعامولیان کردووە و مەوزووعەکان چۆن هاتوونەگۆڕێ، بۆ جاریکی دیکەش فکر لەوە بکەنەوە و هەر وەختێک فکریان لەوە کردەوە، بۆ جارێکی دیکەش ئێمە ئامادەین هەر وەختێک داوایان کرد ئێمە ئامادەین لە سەر پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان قسە بکەین. یەعنی هەرگیز ئەوە وەلا نانێین وەلەو ئەرکی بە بونبەست گەیشتنەکە و سەرنەکەوتنەکەی لەسەرشانی ئەوانە. ئێمە لەو پێوەنییەدا ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵک، ئەندامانی ئەوان، ئەندامانی خۆمان دەڵێم بەڕاستی ئەوەی لە توانای ئێمەدا بووە، بە ئیحساسی مەسئولییەت و خەمخۆرییەوە هەموومان موستەنەد کردوومانە تا ئێستا هێناومانە، شتێک نەماوە کە ئێمە نەیکەین. بەڵام لەو سێناریۆ ناڕوونانەی کە جەنابت ئاماژەت پێدا، لەڕاستیدا هەر ئەوەیە کە یەک: ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە بدەین، د‌وو: ئەرکی ئێمە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی، لە دەرەوەی وڵات، لە نێوخۆی وڵات، لێرە، ئەرکی میدیایی، دیپڵۆماسی، تەشکیلاتی ئێمە، لەمەوبەدوا قورستریش دەبێ. بۆ؟ ئێمە هیوادار بووین لە ئیدامەی خۆیدا ئەگەر ئەو یەکگرتنەوە بە نەتیجەیەک بگا، بەیەکەوە ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنین، بەڵام ئێمە لێرە بەدوا خۆمان پتر ئەرکدار دەکەین، بە کاری جیددیتر و بەردەوامتر، لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی بۆخۆمان باوەڕمان پێیە و دەبێ حیزبی دێموکرات بکەینە ئەو حیزبی دێموکراتەی کە لە پەیامەکەی خۆمدا هاتبۆه‌ گۆڕێ، ئێمە لانیکەم بۆخۆمان کاری پێدەکەین. هیوادارم کۆمەڵانی خەڵک لەنێوخۆی وڵات، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە گشتی، زۆرتر لەمەوبەدوا لەو مەیداندا کار بکەن، یەعنی قورساییەکی زۆری ئەوە دەکەوێتە سەرشانی ئێمە. تەنیا دەمەوێ لێرە شتێکی دیکە ئاماژە پێ‌بکەم ئەویش ئەوەیە کاتێک باسی ئەو سێناریۆ ناڕوونانە دەکەم دەقیقەن دەمەوێ جارێکی دیکە تەئکید بکەمەوە، لایەنی ئێمە بۆچوونی لەسەر چارەسەریی کێشەی دێموکراتەکان هەمیشە ئەوە بووە لە پەنجەرەی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێداویستیی سیاسی ئێمە بەرەو ئەوە بچین حیزبی دێموکرات بکەینەوە یەک و حیزبی دێموکرات بکەوێتەوە سەرێک بۆ ئەوەی ئەو ئێنێرژییەمان بۆ ئازاد بکا و هەمیشەش دەمانگوت ئەو حەللەی ئەو برادەرانە دەیانهێنا گۆڕێ، ئەو لایە بێتەوە نێو ئەو لایە و ئەو لایە حیزبی مادەرە و ئەو لایە حیزبی پدەرە، یان ئەولا بێتەوە ئەو لایە، من موخالیفی ئەو حەللەم. چ ئەوان بێنەوە لای حیزبی دێموکراتی کوردستان و بێنەوە قەڵای دێموکرات کە کاتێک هەموومان لێرە کارمان کردووە، چ لایەنی ئێمە بچێتەوە لای ئەوان. ئەوە بە مانای ئەوەیە هەر ئەو حەللە لە ڕۆژی یەکەمدا کیشە خوڵقینەرە. ئەوە هیچ موشکیلەیەک چارەسەر ناکا. باشترین حەل ئەوەیە یەکتر بەو جۆرەی هەن قبووڵ بکەین و ئینسانەکان بەو جۆرەی هەیە قبووڵ بکەین، هەموو لایەک تێیدا بەشدار بن، هەموو لایەک خۆی تێدا ببیننەوە، هەموو لایەک ئیحساسی ئەمنییەتی سیاسی تەشکیلاتی بکەن، هەموو لایەک لە حیزبی واحیددا ئاسوودە بن، ئەوەیە تەزمینی ئەوە دەکا حیزبی دێموکرات لە داهاتوودا ئەگەر تووشی کێشەی ئاوا بۆوە، زەرەر و زیانی زۆرتر نەبێ. پ: کاک خالید وەک دوایین پرسیار بە سەرنجدان بەو قسانەی جەنابت باست کرد، کە بەرەو حەفتاساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات دەچین، ئەگەر ئەم دوو دێموکراتە لێک نزیک نەبوونەوە، نەیانتوانی لە پرۆسەیەکی سالمدا یەک بگرنەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان چۆن بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێ و جەنابت وەک سکرتێری ئەو حیزبە پەیامت ڕوو بە ئەندامانی ئەو حیزبە چیە؟ وەڵام: بە باوەڕی من ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە دوو مەیداندا ئەرکمان لەسەرە؛ یەکیکیان نێوخۆییە. لە دانیشتنی نێوخۆیی خۆماندا ئەگەر بە مێژووی پەنجا ساڵەی ئەخیری خۆماندا بڕۆینەوە، شەهامەتمان هەبێ، کێشەکانی نێو حیزبی دێموکرات، مێژووەکەی هەیە، زۆرێک لەوانەی لە کێشەکاندا بوون، بەخۆشییەوە لە حاڵی حەیات دان، یان لە کتێبەکاندا موستەنەد کراوە، لە دەورانی ڕێزدار کاک ئەحمەد تۆفیقەوە تا دەورانی شەهید دوکتۆر قاسملوو بگرە کە دەورانێک کێشەکانی ئەو سەردەم هەبوون و شاراوەش نیە و دوایەش هەر درێژەی هەبووە تا دەورانی کاک دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی، لە دەورانی ڕێبەرانی زیندووی هەر د‌وو بەشی دێموکرات، چ ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ و چ ئەوی دیکە، ئی دەورانی ئێستاش کە هەر د‌وو لامان لە حاڵی حەیات داین، بتوانین بەشێوەی نێوخۆیی شەهامەتمان هەبێ لەوێ ئاماژەی پێ‌بدەین. بڵێین رێبەرانی شەهید و زیندوو لەو مەواریدانەدا هەڵە و ئیشتیباهاتمان بووە لە تەعامول لەگەڵ کێشەکانی نێوخۆی خۆمان. ئەوە بۆیە بڵێین ئەو نەسڵەی فێرە حیزبایەتیه‌ دەکەین لە داهاتوودا، دەرسی لێ وەربگرێ و ئەو هەڵانەی ئەمن کردوومە، ئەو نەیکاتەوە. ئەرکی دووەم ئەوەیە ڕوو بە دەرەوە، ڕوو بو ئێران، خوێندنەوەیەکی دیکە بکەینەوە لە ئێران، ئیمپراتۆرییەتی ئێران چ بووە، مەزهەب کەنگێ هاتۆتە نێو سەحنەی سیاسیی ئێران، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی چۆن بووە، چۆنمان پێناسە کردووە، چۆن شەڕمان لەگەڵ ئەو حکوومەتە کردووە، هەڵە و ئیشتیباهاتی ئێمە چ بووە، کارم بە هی ئەوان نیە ئەوە لە جێگای خۆی دایە، ئەمە لەگەڵ وان موبارزە دەکەین و لەو سی و شەش ساڵەدا چۆنمان تەعامول کردووە، ئەو میتۆدانەی ئێمە هەموو باش بووە، لەکوێ دەستی تێوەردەین، لەکوێ شتی تازە بێنینە گۆڕێ، پێداچوونەوەیەکیش بەوانەدا بکەین. مادام پێداچوونەوەمان بەوانەدا کرد، هەمووی ئەوانە دوو سێ شت دێنێتە گۆڕێ: یەکێکیان بەرنامە بۆ داهاتوویە ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵک و داهاتووی ئێران، ئەوی دیکەش دیتنەوەی میکانیزم و فەرهەنگ سازییە لەنێوخۆی حیزبی دێموکراتدا کەهێندێک لەو کێشانە دەیان ساڵە بەرۆکی حیزبی دێموکراتی گرتووە و بۆ خۆمان حەللی بکەین. من لەو باوەڕە دام حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیحتیاجی بەو پێداچوونەوە هەیە. دەبێ ئێمە شەهامەتمان هەبێ دوای حەفتا ساڵ چی؟ چمان کردووە؟ لە کوێ کەمیمان هێناوە؟ لەمەوبەدوا دەبێ چ بکەین؟ دڵنیام ئەگەر ئەو ڕووحە هەبێ، ڕووحی سازندەگی هەبێ هەموو لایەک تێیدا بەشداری بکەن، دڵنیام دەتوانین بەیەکەوە هیوایەکی باش دروست بکەین بۆ داهاتووی حیزبی دێموکرات و بۆ کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ــ زۆر سپاس کاک خالید ــ زۆر سپاس بۆ جەنابیشت له‌ ژماره‌ ٦٥٣ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه‌