کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی و خولیای حکوومەت بەسەر جیهانی ئیسلام‌دا

17:48 - 27 خاکەلێوه 2715

 خامنەیی لە دیدار لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیەدا هێندێک لە وڵاتانی ئیسلامیی بە خەیانەت تۆمەتبار کرد! ناوبراو ئاماژەی بە ناوی هیچ وڵاتێکی تایبەت نەدا و لە راستی‌دا ئەمە زۆر گرنگ نیە و ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خامنەیی جیهانی بەسەر دوو دەستەی موسوڵمان و ناموسوڵمان‌دا دابەش کردوە و بە کردەوە موسولمان و ناموسوڵمانەکانی لە بەرامبەر یەکتردا داناوە. دیارە ئەوە یەکەمجار نیە ناوبراو قسەی لەم چەشنە دەکا و مێژووی ئەم بۆچوون و لێدوانانە بە درێژایی تەمەنی رێژیمە و خومەینیش هەمیشە بە نوێنەرایەتیی خوا و وەک رێبەری موسوڵمانانی جیهان قسەی دەکرد و دروشمی دەدا!

خولیای جێنشینیی خوا لەسەر زەوی و نایبی ئیمامی زەمان بوون بەجۆرێک لە بیر و هزری خومەینی‌دا جێی‌گرتبوو کە بە لاسایی کردنەوە لە نامە ناردنەکانی پێغەمبەری ئیسلام لە ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ رێبەرانی جیهان و بانگهێشت کردنیان بۆ ئایینی ئیسلام، دەستی کرد بە نامە ناردن بۆ رێبەرانی جیهان و لە هەمووان گاڵتەجارانەتر نامەی ناوبراو بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت بوو.
ئێستاش خامنەیی درێژە بە رێگەی رێبەری پێشووی رێژیم دەدا، دیارە بە زمانێکی نەرمتر و کەلامێکی سیاسی‌تر، بەڵام بە هەمان بیروبۆچوونی کۆن و مەترسیدار. دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەژێر چاوەدێریی راستەوخۆی خامنەیی بەڕێوەدەچێ، جاروبار ناوبراو وەک وەلی ئەمری موسوڵمانانی جیهان دەناسێنێ. خامنەییش بەردەوام هەوڵی داوە بە قسەی توند و وروژێنەر سەرنج و رای گشتیی جیهان بۆ لای خۆی رابکێشێ کە نموونەکەی پەیامە ساڵانەکانی بۆ موسوڵمانانی جیهان لە رێورەسمی حەج‌دایە.
بە وەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە شیعە و بە تایبەت جۆری ١٢ ئیمامییەکەی لە جیهانی ئیسلام‌دا کەمینەن، خامنەیی باش دەزانێ کە ناتوانێ را و بۆچوونی ئەرێنیی سوننەکان بۆ لای خۆی راکێشێ. بە تایبەت دوای پشتگیرییەکانی ئێران لە رێژیمی جینایەتکاری بەشار ئەسەد، ئێستا بە نیازی نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتانی ئیسلامی و وروژاندنی بناژۆخوازان و توندڕەوە مەزهەبییەکانە.
خامنەیی دەیهەوێ بە قسە بێ بنەما و فێڵبازانەکانی لە وڵاتانی سوننەدا دووبەرەکی بخاتە نێوان بەڕێوەبەرانی ئەم وڵاتانە و بناژۆخوازە مەزهەبییەکان و بە تۆمەتبارکردنی رێبەرانی وڵاتانی ئیسلامی بە خەیانەت، بواری شۆڕش و راپەڕین لەم وڵاتانەدا بڕەخسێنێ، چونکە هەر شەڕ و فیتنەیەک لە هەر شوێنێکی جیهان‌دا دەرفەتی مانەوەی زیاتر بۆ کۆماری ئیسلامی پێک دێنێ و، ئێران بە شێوەیەکی ئامانجدار و بە بەرنامە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی دەکاتە ئامانجی زیاترین هێرشەکانی خۆی. وڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەهۆی بوونی دوو شاری پیرۆزی موسوڵمانان، مەککە و مەدینە لەم وڵاتەدا، گرنگی و پێگەیەکی تایبەتیی لە جیهانی ئیسلام‌دا هەیە. هەروەها بە هۆی فرۆشتنی زیاتر لە ٧ میلیۆن بۆشکە نەوت لە رۆژێک‌دا لە ئابووری جیهانی و سەقامگیریی بازاری وزەدا بە شێوەی راستەوخۆ و بە پشتیوانیی وڵاتانی بچووکی لێواری کەنداو کاریگەرییەکی بەرچاوی لە جیهان‌دا هەیە و هەربۆیە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئێرانە.
ئێران دەیهەوێ بە تۆمەتبارکردنی رێبەرانی عەرەبستان بە خەیانەت، بوار بۆ شۆڕش و راپەرین لەم وڵاتە‌دا خۆش بکا. دیارە ئەوە تەنیا کردەوەی رێژیم لەم بوارەدا نیە، ئێران بە هاندانی شیعەکانی عەرەبستان لەو ناوچانەی نەوتیان هەیە، وێڕای هەوڵ‌دان بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و رووخاندنی حکوومەتی پاشایەتیی عەرەبستان، خولیای دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی شیعەی لە عەرەبستان لەسەردایە بۆ ئەوەی لەم رێگەوە و بە هەناردنەکردنی نەوتی زیاتر گوشار بخاتە سەر رۆژئاوا و جێ پێی خۆی لە جیهان‌دا قایمتر بکا.
یەکێکی دیکە لە کردەوەکانی ئێران نانەوەی ئاژاوە و دەستێوەردان لە وڵاتی یەمەن‌دایە لە رێگەی حوسییەکانەوەیە. ئێران دیهەوێ لەم رێگەیەوە وێڕای حزوور لە یەمەن و دەستبەسەرداگرتنی رێگە دەریاییەکانی ناوچەکە، کێشە بۆ عەرەبستان بنێتەوە. بەداخەوە رێبەرانی عەرەبستانیش کە کەمترین نیشانەی دێموکراسییان تێدا نیە، لە جیاتی ئەوەی بە چەکی دێموکراسی بچنە شەڕی بناژۆخوازی و توندڕەوی لە ناوچەکەدا، لە رێگەی هێرشی نیزامییەوە هەوڵ دەدەن کێشەکە چارەسەر بکەن.
حکوومەتی پاشایەتیی عەرەبستان تا رادەیەکی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەدا میانەڕەوانە دەجوڵێتەوە و رێگەنادا توندڕەوە ئیسلامییەکان وڵاتی عەرەبستان لەگەڵ رۆژئاوا بەرەوڕوو بکەنەوە، بۆ نموونە وڵاتی عەرەبستان لە مەسەلەی قەیرانی فەلەستین‌ و ئیسرائیل‌دا میانەڕەوانە دەجووڵێتەوە و دەیهەوێ لە رێگەی سیاسی و وتووێژەوە یارمەتیی دەستەبەربوونی مافەکانی فەلەستینییەکان بکا و هەر بۆیەش پشتیوانی لە گرووپە میانەڕەوەکانی فەلەستین وەک فەتح دەکا کە ئەمە دڵخوازی بناژۆخوازانی سوننە نیە. کۆماری ئیسلامیش کە لە مەسەلەی فەلەستین‌دا بۆتە تایەی دڵسۆزتر لە دایک، بە پشتیوانی لە گرووپە توندڕەوە فەلەستینییەکان و قسەی توند لە دژی ئیسرائیل و هەڵگرتنی دروشمی نەمانی ئیسرائیل، بە کردوە وا بە جیهانی ئیسلام‌ نیشان دەدا کە رێبەری جیهانی ئیسلامە و بە دوور لە مەسەلە مەزهەبی و فیرقەییەکان دەجووڵێتەوە و ئەوە بۆ رێبەرانی عەرەبستانی سعوودی بۆتە گرفتێک. لەم نێوەدا ئێران بە ئیدیعای بێ بنەمای دێموکراسی دێتە مەیدان و هەروەک گوترا بەداخەوە رێبەرانی عەرەبستان هێشتا لە هەستیاریی مەسەلەکە نەگەیشتوون.
خامنەیی کە بە پشتیوانی لە رێژیمی جینایەتکاری بەشار ئەسەد ئێرانی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لەبەرچاوی سوننەکان بێزراو کردوە، دەیهەوێ بەم قسانە و بە تۆمەتبارکردنی حکوومەتە میانەڕەوە ئیسلامییەکان بە خەیانەت، ئاژاوە بخاتە نێوان ئەوان و توندڕەوە مەزهەبییەکانەوە و دوژمنایەتیی زیاتریان بۆ دروست بکا و بە نانەوەی فیتنە و ئاژاوە بواری مانەوە و درێژکردنەوەی رێژیمەکەی خۆی لە ناوچەدا خۆشتر بکا. خامنەیی بە دووپات کردنەوەی ئەم قسانە دیسانیش نیشانی دا کە لەگەڵ چەمکی بە جیهانی بوون و دامەزراندنی دێموکراسی لە جیهان‌دا ناتەبایە و بیر لە جیهانێک بە حکوومەتێک ئەویش حکوومەتی ئیسلامیی شیعەی ١٢ ئیمامی دەکاتەوە.