کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتیی ڕاوێژكاری خامنەیی لەبابەت بڵاوبوونەوەی "فكت شیت"ی ڕێككەوتنامەی لۆزان

17:59 - 27 خاکەلێوه 2715

 لە حاڵێكدا زۆربەی نوێنه‌رانی ئوسولگه‌رای مەجلیسی ئێران داوای بڵاو بوونەوەی "فكت شیت"ی ئێران، ڕاپۆرتی فەننی و تكنیكیی ڕێككەوتنامەی ناوكیی لۆزان ده‌که‌ن، ڕاوێژكاری ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی ئەم کاره‌ی به‌ هه‌وڵێک بۆ تێکدانی دانووستانە ناوكییەكان زانیوه‌.

عەلی ئەكبەر ویلایەتی، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆی بە نیسبەت بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لێکگه‌یشتنی ئێران‌و 1+5 له‌ لۆزان گوتی: بڵاو كردنەوەی "فكت شیت"ی ئێران تەنیا دەبێتە هۆی ڕاكێشانی بیروڕای گشتی‌و بەم پێیە كە بەیننامەی لۆزان ئێران بە هیچ بەڵێن‌و ده‌روه‌ستییه‌ک نابەستێتەوە، بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە تەنیا دەبێتە هۆی شێواندنی دانووستانە ئه‌تومییه‌که‌ی ئێران.
ناڕەزایەتی دەربڕینی ویلایەتی به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی "فكت شیت"ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران لە حاڵێك دایە كە پێشتر 212 نوێنەری مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە نامەیەكدا ڕوو بە وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای بڵاو كرانەوەی ئەم ڕاپۆرتەیان كردووە.
ئەم نوێنەرانە لە نامەكەی خۆیاندا، ئاماژەیان بە بوونی كۆمەڵێك جیاوازی لە ڕاپۆرتی ئامریكادا لە ڕێككەوتنامەی ناوكیی لۆزان لەگەڵ قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران كردووە.