کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی ئیرشاد: شەجەریان ناتوانێ كۆنسێرت بگرێ

18:13 - 27 خاکەلێوه 2715

 پاش هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵێكی زۆر لە كۆنسێرتی هونەرمەندان لە ساڵی ٩٣، جێگری پارلمانیی وەزارتی ئێرشاد ڕایگەیاندوە كە رێگە بە شەجەریان نادرێ لە ئێران كۆنسێرتی هەبی.

چالاكانی بواری مووسیقی دەڵێن لە سەرەتای دەستبە كار بوونی دەوڵەتی ڕووحانی تا ئێستا، ٢٠ كۆنسێرتی هونەرمەندان لە شارە جیاجیاكانی ئێران هەڵوەشاونەتەوە، ئەم ڕێژەیە تەنانەت لە دوو ساڵەی دواییی دەسەڵاتداریەتی ئەحمەدینژادیش زیاترە.
جێگری وەزیری ئیرشاد دەڵێ لە پێوەندی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی كۆنسێرتەكان لە دەوڵەتی حەسەن روحانیدا  ئەم وەزارەتخانەیە خەتای نییەو دەڵێ وەزارەتی ئیرشادیش گلەیی لەم هەڵسوكەوتە ناقانوونیانە هەیە، بەڵام هیچی لە دەست نایە.
ئەو دەڵێ  ئێمەش بەدژی داخران، هەڵوەشاندنەوە و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەم كۆنسێرتانەین كە مۆڵەتی جێبەجێ كردنیان پێدراوە و ئەم كارە لە بەشی فەرهەنگ و مووسیقیی وڵاتدا بە باش نازانین. ناوبراو هیوای خواستووە كە چی دیكە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە دووبارە نەبنەوە و لە ساڵی ٩٤دا هیچ كۆنسێرتێك هەڵنەوەشێتەوە.
بەڕای جێگری پارلمانیی وەزیری ئیرشاد، ئەركی ئەم وەزارەتخانەیە تەنیا پێدانی مۆڵەتەو زیاتر لەوەندە بێ دەسەڵاتە.