کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدی ٥٠ی بەنداوەكانی ئێران بەتاڵن

18:15 - 27 خاکەلێوه 2715

بارودۆخی كەمیی سەرچاوەكانی ئاو لە ئێران وەک قەیران باسی لێ دەکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ژووری توێژینەوەكان لە سەرچاوەكانی ئاو لە ئێران، نێونجیی باران بارین لەمساڵدا تا ئاستی سەدی ١٢ لە كەمی داوەو سەدی ٤٠ی پاشەكەوتی بەنداوەكانی تاران بەتاڵە.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری وزەی ئێران دەڵێ ئەگەر خەڵك بۆ بەکارهێنانی دەست پێوە نەگرن، هیچ چارەیەكی دیكە جوێ لە جیرەبەندی كردنی ئاو لە بەردەمدا نامێنێتەوە.
كاربەدەستانی پلەبەرزی كۆماری ئیسلامیش بە نیسبەت بەردەوامیی وشكەساڵی لە تاران و شارە گەورەكانی دیكەی ئێران و كەمیی ئاو لە وەرزی هاویندا، خەڵكی ئەم وڵاتەیان وریا كردۆتەوە.
ئیسماعیل نەجار، سەرۆكی ڕێكخراوی بەڕێوەبرایەتیی قەیرانی ئاوی ئێرانیش دەڵێ كە لە حاڵی حازردا ٥٢ شار و ١٣ ناوەندی پارێزگا لە ئێران، لەگەڵ قەیرانی كەمیی ئاو بەرەوڕوو بوونەتەوە.
هەروەها حەمید چیت چیان، وەزیری وزەی ئێرانیش لەم بارەوە دەڵێ، ئەگەر خەڵك بۆ كەمكردنەوەی بەكار هێنانی ئاو هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكان نەكەن، ئەم وەزارەتخانەیە هیچ چاریەكی جگە لە جیرەبەندی كردنی ئاو بۆ نامێنێتەوە.
ئەحمەد مەسجێدجامعی، ئەندامی شوورای شاری تارانیش هەر لەم بارەوە، لە كۆبوونەوەی دۆینێ چوارشەممە ٢٦ی خاكەلێوەی ئەم شوورایەدا ڕایگەیاندووە كە سەدی ٤٠ی بارستایی بەنداوەكانی تاران بەتاڵە.
شایانی باسە ئەمساڵ حەوتەمین ساڵە كە ئێران بە بەردەوامی لەگەڵ وشكەساڵی و كەمبوونەوەی لە ڕاددە بەدەری ڕێژەی باران بارینی ساڵانە بەرەوڕوو دەبێتەوە. بەم حاڵەش كۆمەڵێك لە كارناسان دەڵێن گرینگترین هۆكاری لە کەمیدانی سەرچاوە ئاوییەكانی ولات، بۆ سیاسەتە هەڵە و نادروستەكانی دەوڵەت لە لێدانی بەنداو و "بەڕێوەبەرایەتیی خراپ" ی بەكار هێنانی سەرچاوەكانی ئاو دەگەڕێتەوە.