کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

18:28 - 27 خاکەلێوه 2715

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤( ١٤ی ئاپریل) هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، لە هاوینەهەواری پیرمام، سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد. هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن شاندی خانەخوێ بە سەرپەرستیی کاک فازل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لێ کرا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە نوێکردنەوەی دیدار لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان تیشکی خستە سەرگرنگترین پرسەکانی پێوەندیدار بە عیراق‌و هەرێمی کوردستان کە دیارە شەڕی داعش لە گەڵ هەرێمی کوردستان‌و لە گەڵ دەوڵەتی عێراق لە سەرووی هەموو پرسەکان دابوو. بەڕێز میرانی لەم بارەیەوە باسی لە پرۆسەی پاشەکشێ پێکردنی داعش لە بەشێکی زۆری ناوچە داگیرکراوەکان‌و سەرکەوتنەکانی هیزی پێشمەرگە کرد. تەئکیدیشی کردەوە کە هەتا داعش لە موسڵ دەرنەکرێ هەرێمی کوردستان هەست بە ئاسوودەیی ناکا.
 کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هۆیەکانی سەرهەڵدانی ئەم کێشانە تەوەرێکی دیکەی باسەکەی سکرتیری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکرات بوو. بەڕێز میرانی، وێرای ئاماژە بە ڕووەوچارەسەرچوونی ئەم کێشانە، خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پشتیوانیی ئەوان لە سیاسەتی نەوتیی حکوومەتی هەرێمی بە فاکتەرێکی گرنگ لە ململانیی نێوان هەرێم و بەغدادا زانی.
پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم لەو بابەتانە بوو کە ڕێزدار میرانی ڕوانگەی پارتی دیموکرات و هێز ولایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوەی خستە روو و ئاماژەشی بەو هەوڵانە دا کە بە مەبەستی هەموار كردنی دەستوورو یاسای پێوەندیدار بە سەرۆكی هەرێمی کوردستان لە نیوان ئەو پارتە و لایەنەکانی دیکە لە ئارا دا هەیە.
پێکگەیشتنی ئەم دواییانەی ئێران‌و کۆمەڵگەی جیهانی  لە سەر کەیسی ناوکیی  بابەتیکی دیکە بوو کە سکرتیری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکرات، هەڵسەنگاندنی خۆیانی لە بارەیەوە باس کردو ئاکامەکانی وەها ڕێککەوتنێکی بە قازانجی خەڵکی ئێران، لێک دایەوە.
پاشان بەڕێز خالید عەزیزی ڕوانین و هەڵسەنگاندنی حیزبەکەی لە بارەی نوێترین ڕووداو و ئاڵوگۆرە گرنگەکانی پێوەندیدار بە ناوچە وئێران و کوردستان، باس کرد. عەزیزی وێڕای وەبیرهێنانەوەی  هەڵوێستی هاوینی رابردووی حیزبی دیموکرات کە ئامادەیی نیشاندان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگەی دیموکرات بۆ بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش و بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان بوو، دووپاتی کردەوە کە ئێمە لە هەموو مەیدانەکانی سیاسەت و تیکۆشانمان دا بەرگری و داکۆکی لە دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد لەم بەشەی کوردستانمان بە ئەرکی خۆمان زانیوە. لە دیدار و بیروڕاگۆڕینەوەکانیشمان لە گەڵ هیزە سیاسییەکانی باشووردا، هاندەری تەبایی و یەکڕیزیی ئەو هیزانە و کۆمەلانی خەڵک‌و، ڕاوەستان و خۆڕاگریی یەکگرتووانەیان لە بەرامبەر دوژمنان و نەیارانی  ئەم هەرێمە دابووین.
لە پێوەندی لە گەڵ ڕێککەوتنی لۆزان و ئاکامەکانی دا، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕێککەوتن لەم بارەیەوەی لە ڕاستای بەرژەوەند‌و ویستی خەڵکی ئێران‌و لە ڕاستای کەمکردنەوەی گرژی‌و ئاڵۆزیی ناوچەیی‌و جیهانی‌دا هەڵسەنگاند و وەبیریشی هێنایەوە کە حیزبی ئێمە هەموو کات کۆمەلانی خەڵک لە نێوخۆی کوردستانی هان داوە بە هیوای هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئیران، ئەرکی خۆیان کە خەبات دژی ستەم‌و دیکتاتۆری و بێ‌مافی لە نیوخۆی ولات دایە ، پشت گوێ نەخەن. هەر بۆیەش بەردەوام هانی داون  ئەوەندەی دەگونجێ دەرفەتەکان و زەرفییەتەکان لە نیوخۆی ولات  بۆ بردنە پێشی خەباتە ڕەواکەیان بە کار بێنن.
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات،بە ئاماژە بە بارودۆخی تایبەت لە ناوچەکە و لە پێناوی  بەردەوامی‌و پاراستنی سەقامگرتوویی هەرێم ،هیوای خواست دانوستان و هەوڵەکانی پارتی دیموکرات‌و لایەنەکانی دیکە لە بارەی پرسی  هەموار كردنی دەستوور و یاسای پێوەندیدار بە سەرۆكی هەرێمی کوردستان، هەر چی زووتر بگاتە ئاکامی دڵخواز.
کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چووە سەر کۆمەڵێک پرس و بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە حیزبی دیموکرات‌و ڕۆژهەلاتی کوردستان کە بە لای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە شیاوی بایەخ پێدانن.