کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە کوردستان

18:55 - 27 خاکەلێوه 2715

مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگەکانی زۆربەی شارەکانی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بە بارودۆخی پیشەو مافەکانیان لە بەر دەم ئیدارەی فێرکردن‌و پەروەردەدا کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27 ی خاکەلێوە بەبەشداریی دەیان مامۆستای قوتابخانەو خوێندگەکانی زۆۆربەی شارەکانی کوردستان بەرێوەچووە، لە دژی هەڵاواردن‌و ناعەداڵەتی لە سیستەمی فێرکردن‌و پەروەردە‌و بێ کیفایەتیی بەڕێوەبەرانی ئەو ئیدارەو وەزارەتە قسە کراوەو بەشدارانی کۆبوونەوەکە داوای بەدواداچوونی کێشەو گرفتی خۆیان وەک توێژی فەرهەنگیی کۆمەڵگا کرد.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە شاری بۆکان، دیواندەرە، سنە، پیرانشارو سەقز بە دستمان گەیشتوون، پێڕاگەیشتن بە گوزەرانی مامۆستایان، خوێندنەوەی پلەو پایەی کۆمەڵایەتییان، پێدانی مافی بەرامبەر لەگەڵ کارمەندەکانی دیکەی دەوڵەت، خوێندن بە زمانی دایکی‌، چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە بەشێک لە داوای ئەو مامۆستایانە بووەو تۆماری ئیمزایان بۆ کردونەتەوە

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە کوردستان‌و ئێران بە چارەسەرنەکرانی کێشەو داوکانیان لە حاڵێک دایە کە جارێکی دیکەش لە مەجلیس باسی ئیستیزاحی عەلی ئەسغەر فانی، وەزیری خوێندن‌و پەروەردە هاتۆتە گۆڕێ‌و لە نێو نوێنەرامی مەجلیس‌دا ئیمزا بۆ کۆ دەکرێتەوە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە رۆژی یەکشەممە ١٠ی رەشەممەی ساڵی ڕابردووش مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێراندا بەشدارییان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی کوردستان وەک سنە، سەقز، بانە، مەریوان، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، ئیوان، ورمێ، سەرپێڵی زەهاو، ئیلام، کرماشان، جوانڕۆ و سەوڵاوا بەشدارییان کردو لە دژی پێشێلکرانی مافەکانیان هەڵویستیان گرت.