کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە کرماشان

16:10 - 28 خاکەلێوه 2715

 مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگەکانی کرماشان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بە بارودۆخی پیشەو مافەکانیان لە بەر دەم ئیدارەی فێرکردن‌و پەروەردەدا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ ی خاکەلێوە بەبەشداریی دەیان مامۆستای قوتابخانەو خوێندنگەکانی ئه‌و شاره‌ بەرێوەچوو، لە دژی هەڵاواردن‌و ناعەداڵەتی لە سیستەمی فێرکردن‌و پەروەردە‌و بێ کیفایەتیی بەڕێوەبەرانی ئەو ئیدارەو وەزارەتە قسە کراو بەشدارانی کۆبوونەوەکە داوای بەدواداچوونی کێشەو گرفتی خۆیان وەک توێژی فەرهەنگیی کۆمەڵگا کرد. هه‌روه‌ها تۆمارێکی ئیمزا به‌ به‌شداریی و ئیمزای سه‌دان له‌س له‌ مامۆستایانی ئه‌و شاره‌ ئاماده‌ کرا که‌ تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر داوای به‌حه‌ق و ڕه‌وای مامۆستایان کرابوو. جێی بیرهێنانەوەیە کە رۆژی یەکشەممە ١٠ی رەشەممەی ساڵی ڕابردووش مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێراندا بەشدارییان کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی کوردستان وەک سنە، سەقز، بانە، مەریوان، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، ئیوان، ورمێ، سەرپێڵی زەهاو، ئیلام، کرماشان، جوانڕۆ و سەوڵاوا بەشدارییان کردو لە دژی پێشێلکرانی مافەکانیان هەڵویستیان گرت.